بۆ ئەوەی کۆمەڵگا دادپەروەری تێدا بێت، گرنگە چاودێری دەزگاکانی دەسەڵات بکرێت. ئەوەی دەوڵەتێکی بەھێز جیا دەکاتەوە لە لاواز بونیی، ھەبونیی ئۆپۆزیسیۆنیکی بەھێزە، کە ھەمیشە ئامادەیی ھەیە و رەخنە لە سیاسەتەکانی دەسەڵات دەگرێت، چاودێری دەزگاکانی دەکات، بەرپرسیاری دەکات.
لە سیستمی پارلەمانیدا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن روون و ئاشکرایە، ئەویش پێشنیار کردن ورونکردنەوەو بەرگری کردنە لە ئەلتەرناتیڤی حکومەت، بۆیە ھەمیشە دوپاتی دەکەینەوە ئۆپۆزیسیۆن نوێنەرایەتی بەدیلی حکومەت و دەسەڵات دەکات، روبەروی سیاسەتە چەوتەکانی حکومەت دەبێتەوەو سیاسەتی گونجاو و جیاواز پێشکەش دەکات.
دادپەروەریش ئەوکاتە دەبێتە راستەقینە کە ھاوڵاتی تەنھا یەک ھەڵبژاردەی نەبێت و بتوانێت زیاتر لە بژاردەیەکی لەبەردەمدا بێت. ئەوەی لە کوردستاندا رویدا لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە و پاش بەشداریکردنی ھەموو ھێزەکان لەدەسەڵاتدا تەنھا یەک بژاردە مایەوە کە ئەویش سیاسەتەکانی پارتی بوو ھەربۆیە شکست لەدوای شکست بەرۆکی ھەریمی کوردستانی گرت.
رۆژانە پێمان دەڵین: ئێوە چیتان پێ دەکرێت؟ بە فڵان و فیسار نەکرا، بە چوار کورسی بەغدا و ھەشت کورسی پارلەمانی کوردستان چی دەکەن؟ ئەوان پارەو چەکیان ھەیە و ھیچتان پێ ناکرێت. وەڵامی ئێمەش بۆ ئەوان زۆر بە روونیی و ئاشکرا دەیڵێین، ئێمە خۆمان نافرۆشین بە دەسەڵات، درۆتان لەگەڵ ناکەین، لەگەڵ یەکێتی و پارتی رێک ناکەوین بۆ دوو وەزارەت و پۆستی حکومەت، ڕێز لە دەنگەکانتان دەگرین.
ھەربۆیەش لە چەندین بۆنەی جیاوازدا نەوەی نوێ داوای کردوە و پێشنیاری کردوە کە ھێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی تەسلیم نەبن و پێکەوە بەرەیەکی ھاوبەش دروستکەین، تەنھا ئازایەتی و راستگۆیی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەوە پێوانە دەکرێت کە نەچنە بەرەی دەسەڵاتەوە، ھێزی سیاسیش لەکاتی میحنەتی وەک ئێستادا دەردەکەوێت و بەرپرسیارە و مێژوو رەحمی پێناکات، لەکاتی خۆشیدا مرۆڤ دەرناکەوێت بەڵکو ئەوکاتانە روخساری راستەقینەی دەبینرێت کە کە لە ناخۆشیدایە.