لەگەڵمانبە لە:

پەیڕەوی ناوخۆ

په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزبی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ


ده‌روازه‌ی یه‌كه‌م
ماده‌ی (١) ناوی حزب و دروشمه‌كه‌ی

ناو : جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ.
دروشم : نه‌وه‌ی نوێ هیوایه‌.
لۆگۆ : گڵۆپێكی پرته‌قاڵی كه‌ له‌ناویدا وێنه‌ی كوڕو كچێكی گه‌نج هه‌یه‌، وه‌ك گوزارشتێك له‌ نه‌وه‌ی نوێ.

ماده‌ی (٢) پێناسی حزب

شوناس: چوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسیه‌، ژنان و گه‌نجان پایه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پێكدێنن، كار ده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات و بنیاتنانی ژێرخانی ئابوریه‌كی پته‌و به‌ئامانجی فه‌راهه‌م كردنی خۆشگوزه‌رانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و سه‌رتاسه‌ری عێراق. جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی مه‌ده‌نی خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی مه‌عنه‌ویه‌و، هه‌ڵگری هیچ خه‌سڵه‌تێكی تایفی و مه‌زهه‌بی نیه‌،هه‌وڵده‌دات بۆ پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی وڵات، له‌و نه‌وه‌ نوێ یه‌ پێكدێت كه‌ به‌ ئیراده‌ی ئازادی خۆیان ئه‌ندامێتی له‌ حزبدا هه‌ڵده‌بژێرن.

ماده‌ی (٣)

باره‌گا : باره‌گای جوڵانه‌وه‌كه‌ له‌ سلێمانی ده‌بێت، باره‌گای نه‌وه‌ی نوێ، شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود، ته‌نیشت گوندی ئه‌ڵمانی. مافی هه‌یه‌ لق له‌ پارێزگاكانی دیكه‌دا بكاته‌وه‌.
گۆڕه‌پانی چالاكی : هه‌رێمی كوردستان و سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق.

ماده‌ی (٤)

جوڵانه‌وه‌كه‌ كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ ، مافی دادبینی (التقاچی) هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م دادگاكان به‌پێی به‌نده‌كانی ئه‌م په‌یڕه‌وه‌، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌كات یا هه‌ركه‌سكی دیكه‌ كه‌ به‌فه‌رمی رایده‌سپێرێت. 

ماده‌ی (٥) پره‌نسیپه‌كانی حزب

1- گه‌شه‌پێدانی توناكانی ژنان و گه‌نجان.
2- ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ نه‌وه‌ی نوێ، تا رۆڵی خۆی بگێڕێت له‌ به‌شداری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات له‌وڵاتدا.
3- بنیاتنانی ئابوری پته‌و و به‌هێز.
4- چه‌سپاندنی سه‌روه‌ریی ده‌ستورو یاسا.
5- پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق.
6- كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتی پارێزه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ و كه‌مینه‌كان.
7- بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی وهاونیشتمانی.
8- پاراستنی ژینگه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كان.
9- سه‌ربه‌خۆیی دادگا و ده‌ستپاكی و شه‌فافیه‌ت.
10- پشتیوانی كردنی ئازادیی هزر و راده‌بڕین.



ده‌روازه‌ی دوه‌م

ئامانچه‌كان
ماده‌ی (٦) :

1- بنیاتنانی ژێرخانی به‌هێزو پته‌و بۆ ئابوری، به‌پشت به‌ستن به‌ تواناكانی ژنان و گه‌نجان.
2- پشتوانی و هاندان و په‌ره‌پێدانی كاری ئازادو كه‌رتی تایبه‌ت.
3- به‌هێزكردنی پایه‌كانی دیموكراتی و دامه‌زراوه‌كانی له‌ ده‌وڵه‌تدا.
4- به‌هێزكردنی بنه‌ماكانی فره‌یی سیاسی و هزریی.
5- فراوانكردن و پاراستنی بنه‌مای ئازادیی گوزارشت و راده‌ربڕین.
6- به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاریی سیاسی جه‌ماوه‌ر له‌پێناو به‌رفراوانكردنی به‌شداریی سیاسی هاوڵاتیان.
7- ئاماده‌كردنی ژنان و گه‌نجان بۆ به‌شداریی سیاسی كاریگه‌رو گه‌یشتنیان به‌ پۆستی سه‌ركردایه‌تی و ناوه‌ندی بڕیار.
8- ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ گشت ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی خوازیاری به‌شداریی سیاسین.
9- چه‌سپاندنی بنه‌مای ئازادیی تاك.
10-

ده‌روازه‌ی سێ یه‌م

ئه‌ندامێتی و وه‌رگرتن
ماده‌ی (٧) :

یه‌كه‌م : مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتی :
1- ده‌بێت هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی بێت.
2- نابێت ته‌مه‌نی ئه‌ندام له‌ (١٨) هه‌ژده‌ ساڵ كه‌متر بێت.
3- ده‌بێت رابردوو ره‌فتاری پاك بێت و، به‌تاوانێكی ئابروبه‌ر حوكم نه‌درابێت.
4- ده‌بێت دان به‌ په‌سه‌ندكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆدا بنێت و، به‌ڵێن بدات به‌كاركردنی جدی و دڵسۆزانه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی جوڵانه‌وه‌كه‌.
5- نابێت ئه‌ندام یاخود په‌یوه‌ندی به‌هیچ حزبێكی دیكه‌وه‌ هه‌بێت.
6- نابێت ئه‌ندامی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی بێت.

دوه‌م : ئه‌ندامێتی و وه‌رگرتن:
1- پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌ندامێتی.
2- په‌سه‌ندكردن یاخود ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكاریی ئه‌‌ندامێتی له‌لایه‌ن لایه‌نی تایبه‌تمه‌ندی سه‌رپشككراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌.

ماده‌ی (٨) :

مافه‌كانی ئه‌ندام:

1- مافی ده‌نگدان و خۆكاندیدكردن بۆ هه‌ر پۆستێكی حزب.
2- مافی به‌شداریی له‌ ته‌واوی ئه‌وچالاكیانه‌ی حزب رێكیان ده‌خات.
3- مافی راده‌ربڕین و پێشكه‌شكردنی پێشنیازو ناره‌زایی ده‌ربڕین له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌خنه‌و ره‌خنه‌ له‌خۆگرتن، له‌ وتوێژێكی هێمن و راشكاوانه‌و بنیاتنه‌ردا، ده‌رباره‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جێبه‌جێكار یاخود لق و نوێنه‌رایه‌تیه‌كانی سه‌ر به‌ جوڵانه‌وه‌كه‌.

ماده‌ی (٩) :

له‌ده‌ستدانی ئه‌ندامێتی : ئه‌‌ندام له‌م حاڵه‌تانه‌دا ئه‌ندامێتی له‌ده‌ست ده‌دات :

1- له‌ده‌ستدانی یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتی.
2- ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ به‌ داواكاریه‌كی ده‌ستنوس.
3- پاباندنه‌بون به‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌.
4- له‌ حاڵه‌تی په‌یوه‌ندی كردنی ئه‌ندام به‌قه‌واره‌یه‌كی سیاسی دیكه‌وه‌. یاخود كاركردن له‌گه‌ڵی به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان.
5- كاتێك ده‌سه‌لمێت كه ئه‌ندام زیانی به‌جوڵانه‌وه‌كه‌ گه‌یاندوه‌ یاخود له‌كه‌داری كردوه‌، جوڵانه‌وه‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ چالاكیه‌كانی هه‌ڵپه‌سێرێت یاخود كۆتایی به‌ئه‌ندامێتی بهێنێت.
6- ئه‌ندام كه‌ ئه‌ندامێتی له‌ده‌ست ده‌دات، مافی هه‌یه‌ له‌ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا له‌دوای به‌ده‌ستگه‌یشتنی بڕیاره‌كه‌، ناڕه‌زایی پێشكه‌ش ئه‌نجومه‌نی باڵای جێبه‌جێكار بكات، بڕیاری ئه‌نجومه‌نیش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت.

ماده‌ی (١٠) :

پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی به‌رزه‌ڕه‌فتی كه‌ پێكدێت له‌ سێ ئه‌ندام، یه‌كێكیان یاسایی ده‌بێت بۆ به‌‌دواداچون و پێداچونه‌وه‌ به‌ ته‌واوی پرسه‌ به‌رزه‌ڕه‌فتیه‌كانی تایبه‌ت به‌ئه‌ندامان، ئه‌م لیژنه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای جێبه‌جێكاره‌وه‌ پێكده‌هێنرێت و لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات و راسپارده‌ پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای جێبه‌جێكار ده‌كات ده‌رباره‌ی سه‌رپێچی و سزاو په‌سه‌ندكردنیان.



سزاكان : ئه‌و سزایانه‌ن ده‌رهه‌ق به‌ئه‌ندام ده‌درێن و بریتین له‌ :

1- ئاگاداركردنه‌وه‌ : له‌ كاتی ره‌فتاری ئه‌ندام به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كانی حزب هه‌بێت.
2- سه‌رنجڕاكێشان : له‌ كاتی دوباره‌كردنه‌وه‌ی سه‌رپێچیه‌كاندا، ئاڕسته‌ی ئه‌ندام ده‌كرێت.
3- كۆتایی هێنانی ئه‌ندامێتی : ئه‌م بڕیاره‌ ده‌درێت دوای هه‌ردو سه‌رپێچی ئاماژه‌پێدراو له‌ بڕگه‌ی ١و٢، له‌گه‌ڵ سه‌رپێچیه‌كی دیكه‌ كه‌ شایسته‌ی دورخستنه‌وه‌ بێت، مافی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی ده‌بێت به‌ ماده‌ی ٨ بڕگه‌ی ٣.
4- كۆتایی پێهێنانی ئه‌ندامێتی ،له‌لایه‌ن سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌ په‌سه‌ندهده‌كرێت.


ده‌روازه‌ی چواره‌م


په‌یكه‌ری رێكخراوه‌یی :
ماده‌ی (١١) :

ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌ :باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی جوڵانه‌وه‌كه‌یه‌و پێكدێت له‌ :
1- سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ : سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌و ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌بێت .
2- جێگری سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌.
3- ئه‌ندامانی هه‌ڵبێژێردراوی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌.
4- به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌كانی جێبه‌جێكردن و نوسینگه‌ی پارێزگاكان.

ماده‌ی (١٢) :

كۆنگره‌ی دامه‌زراندن :
دوای به‌خشینی مۆڵه‌ت له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی كاروباری حزبه‌كان و رێكخراوه‌ سیاسیه‌كان ، كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی خۆی ده‌بستێت ، رێژه‌ی یاساییش نیوه‌+١ ده‌بێت . ئه‌گه‌ر رێژه‌ی یاساییش ته‌واو نه‌بو ، حزب دوای ١٠ رۆژ كۆنگره‌ی دوه‌می خۆی ده‌به‌ستێت و رێژه‌ی یاسایی به‌شداربوان نابێت له‌ ٢٥٠ ئه‌ندام كه‌متر بێت .

ئامانجه‌كانی كۆنگره‌ی دامه‌زراندن :

ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ كه‌ پێشكه‌ش فه‌رمانگه‌ی كاروباری حزبه‌كان  له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كراوه‌، بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی جوڵانه‌وه‌كه‌یه‌، ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌ مافی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌دا بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌درێت و په‌سه‌ند ده‌كرێن ، بۆ ئه‌وه‌ی تا چوار ساڵ كاری پێ بكرێت.

1- په‌سه‌ندكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆو به‌رنامه‌ی سیاسی حزب.
2- هه‌لبژاردنی سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ به‌ده‌نگدانی ئاشكرا.
3- هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵا كه‌ ژماره‌یان ١٣ + ٢ یه‌ده‌گه‌ .

ماده‌ی (١٣) :

ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌ له‌ ١٣ + ٢ ئه‌ندامی یه‌ده‌گ پێكدێت له‌ نێویاندا سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌ ، دوای ته‌واوبونی رێژه‌ی یاسایی له‌ كۆنگره‌ی دامه‌زراندندا هه‌ڵده‌بژێردرێن به‌مه‌رجێك نابێت ژماره‌ی ژن تیایدا له‌ ٥ كه‌متر بێت ، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌بێت .

ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌ :

1- سازكردنی كۆبونه‌وه‌ی ده‌وری ئاسایی جوڵانه‌وه‌و تاوتوێكردنی ئه‌و راپۆرتانه‌ی له‌لایه‌ن نوسینگه‌كانی جوڵانه‌وه‌وه‌ به‌رزكراونهته‌‌وه‌و ته‌واوی ئه‌و پرسانه‌ له‌ خۆده‌گرن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌حزبه‌وه‌.
2- به‌ستنی كۆنگره‌ی گشتی هه‌ر چوار ساڵێك و دیاریكردنی ماوه‌ی به‌ستنه‌كه‌ی مانگێك به‌ر له‌به‌ستنی و تیایدا سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌و ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن .
3- له‌كۆبونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا رێژه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی باڵا به‌ئاماده‌بونی نیوه‌ی زیاتری ئه‌ندامه‌كان ده‌نێت، له‌كاتی ته‌واونه‌بونی رێژه‌ی یاسایی كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك دواده‌خرێت و جارێكی دیكه‌ بانگهێشتی ئه‌ندامه‌كان ده‌كرێته‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌و، رێژه‌كه‌ یاسایی ده‌بێت به‌مه‌رجێك رێژه‌ی ئاماده‌نه‌بوان له‌ دوله‌سه‌رسێ زیاتر نه‌بێت. بڕیاره‌كانیش به‌ زۆرینه‌ ده‌بێت جگه‌ له‌بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جوڵانه‌وه‌كه‌.
4- ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌ ئاماده‌كاری ده‌كات ، به‌مه‌رجێك ماوه‌كه‌ دو مانگ تێپه‌ڕنه‌كات له‌به‌رواری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای جێبه‌جێكاری پێشو ، مافی وه‌رگرتنی ئه‌ندامی نوێی نیه‌ بۆ جوڵانه‌وه‌كه‌ ‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێ .
5- ده‌كرێت كۆبونه‌وه‌ی نائاسایی له‌هه‌ر كاتێكدا رێك بخرێت به‌ ره‌زامه‌ندیی دو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌.
6- لابردن یاخود هه‌موار یاخود زیادكردنی ماده‌و بڕگه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ به‌ ره‌زامه‌ندی دوله‌سه‌رسێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وهكه‌‌ ده‌بێت.
7- په‌سه‌ندكردنی بڕیاره‌كان به‌ ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی ساده‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ده‌بێت ، له‌كاتی به‌رانبه‌ریشدا ده‌نگی سه‌رك جوڵانه‌وه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت.
8- هه‌ڵگرتن و پاراستنی دۆسیه‌ تایبه‌ته‌كانی جوڵانه‌وه‌كه‌ ، ته‌نانه‌ت دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌.
9- بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌هاوپه‌یمانێتی و تێكه‌ڵ بون له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه‌ به‌زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌بێت.
10- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی پارێزگاكان له‌كاتی ده‌رچون له‌ ئامانجه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی جوڵانه‌وه‌كه‌. به‌دوله‌سه‌رسێی ده‌نگه‌كان ده‌بێت.






ماده‌ی (١٤) :

نوسینگه‌ی جێبه‌جێكاری پارێزگاكان :

نوسینگه‌ی پارێزگاكان دوه‌م ده‌سه‌ڵاتی باڵایه‌ دوای ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌وه‌ داده‌مه‌زرێن و په‌یوه‌ست ده‌بن به‌سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حزبه‌وه‌.

ئه‌ندامه‌كانی پێكدێن له‌ :
1- به‌ڕێوه‌ه‌به‌ری لقه‌كان له‌ پارێزگا.
2- به‌رپرسی به‌شه‌كانی نوسینگه‌.

ماده‌ی (١٥) نوسینگه‌ی جێبه‌جێكاری پارێزگاكان :

نوسینگه‌ی جێبه‌جێكاری پارێزگاكان ئه‌م ئه‌ركانه‌ به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن :
1- به‌ستنی كۆبونه‌وه‌ی ده‌روی هه‌ر دوهه‌فته‌ جارێك ، سه‌ره‌ڕای كۆبونه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌سه‌ر داوای دوله‌سه‌رسێی ئه‌ندامان، رێژه‌ی یاساییش به‌ئاماده‌بونی نیوه‌ زیاتری ئه‌ندامان ده‌بێت .
2- ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتی ته‌واوی چالاكیه‌كانی جزب له‌ پارێزگاكه‌دا ده‌گرێته‌ ئه‌وستۆ، به‌رپرسیشه‌ له‌ نوسینگه‌ لاوه‌كیه‌كان له‌به‌رانبه‌ر ده‌سته‌ی گشتیدا.
3- بڕیاره‌كان به‌ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كان ده‌بێت ، له‌كاتی به‌رانبه‌ر بونیشدا ده‌نگی سه‌رۆك بۆ هه‌ر لایه‌كیان یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت .
4- پێكێنانی  لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌ ئه‌ندامانی نوسینگه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن و نوێنه‌رایه‌تیه‌كان له‌ قه‌زاو ناحیه‌كان بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌و كارانه‌ی له‌ پێناویاندا پێكهێنراون.

ماده‌ی (١٦) :

نوسینگه‌ لاوه‌كیه‌كان و نوێنه‌رایه‌تیه‌كان : جوڵانه‌وه‌ مافی كردنه‌وه‌ی لق و نوێنه‌رایه‌تی دیكه‌ی هه‌یه‌ .

1- نوسینگه‌ لاوه‌كی و نوێنه‌رایه‌تیه‌كان به‌پێی پێداویستی پێكده‌هێنرێن ، به‌مه‌رجێك نوێنه‌رایه‌تی ژن له‌به‌رچاو بگیرێت.
2- له‌كاتی پێكهێنانیدا، نوسینگه‌ لاوه‌كی و نوێنه‌رایه‌تیه‌كان سه‌رپه‌رشتی ته‌واوی چالاكیه‌كان ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كانیاندا.

ماده‌ی (١٧) :

ئه‌ركه‌كانی سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ :

1- سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ جێگرێك بۆ خۆی داده‌مه‌زرێنێت .
2- دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی پارێزگاكان و به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ جێبه‌جێكاریه‌كان.
3- نوێنه‌رایه‌تی جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌كات له‌به‌رده‌م دادگاو ده‌سه‌ڵاته‌ حكومیه‌كان و فه‌رمانگه‌ی كاروباری حزبه‌كان ، ده‌توانێت كه‌سێك ده‌ست نیشان بكات نبه‌شێوه‌یه‌كی یاسایی نوێنه‌رایه‌تی خۆی و جوڵانه‌وه‌كه‌ بكات له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا.
4- سه‌رۆك به‌رپرسه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی راسپارده‌و بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌.
5- سه‌رپه‌رشتی كردنی چالاكیه‌كانی تایبه‌ت به‌جوڵانه‌وه‌كه‌.
6- سه‌رۆك ده‌توانێت داوای كۆبونه‌وه‌ی نائاسایی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌ بكات.
7- به‌ڕێوه‌بردن و بانگهێشت بۆ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌و كۆنگره‌ی گشتی.
8- واژوكردنی كۆنوسی كۆبونه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌.
9- په‌سه‌ندكردنی چه‌ك و مامه‌ڵه‌ دارایی یه‌كان و پۆسته‌كانی تایبه‌ت به‌ جوڵانه‌وه‌كه‌.
10- سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ مافی كردنه‌وه‌ی حسابی بانكی و جوڵه‌پێكردنیان و به‌ڕێوه‌بردنی ته‌واوی كاروبارو مامه‌ڵه‌ داراییه‌كانی هه‌یه‌ له‌ ته‌واوی بانكه‌ حكومی و ئه‌هلیه‌كانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ده‌توانێت به‌نوسراوێكی ره‌سمی كه‌سێك له‌بری خۆی سه‌رپشك بكات .

ماده‌ی (١٨) :

جێگری سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ : له‌لایه‌ن سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌ داده‌مه‌زرێنرێت .

1- له‌كاتی ئاماده‌نه‌بونی سه‌رۆكدا ، ته‌واوی ئه‌ركه‌كانی سه‌رۆك به‌پێی ماده‌ی (١٧) راده‌په‌ڕێنێت.
2- راگه‌یاندنی رێنمایی و فه‌رمانه‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌ ، به‌ نوسینگه‌كانی جوڵانه‌وه‌ (نوسینگه‌ی جێبه‌جێكارو لقه‌كانی جوڵانه‌وه‌كه‌ له‌ ته‌واوی پارێزگاكان ) .
3- دیاریكردنی به‌رنامه‌ی كاری تایبه‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌.
ماده‌ی (١٩) :

ته‌واوی نوسینگه‌ی پارێزگاكان له‌م به‌شانه‌ پێكدێن :

1- به‌شی سیاسی : به‌رپرس ده‌بێت له‌ چالاكیه‌ سیاسیه‌كان كه‌ حزب به‌ڕێوه‌یان ده‌بات.
2- به‌شی رۆشنبیری : به‌رپرس ده‌بێت له‌ چالاكیه‌ رۆشنبیریه‌كان كه‌ حزب به‌ڕێوه‌یان ده‌بات.
3- به‌شی راگه‌یاندن : به‌رپرس ده‌بێت له‌ بانگه‌شه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و چالاكیانه‌ی له‌لایه‌ن حزبه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن.
4- به‌شی كۆمه‌ڵایه‌تی : به‌رپرس ده‌بێت له‌ چالاكیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی حزب و ئاماده‌ی ته‌واوی ناوه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دهبێت.
5- به‌شی دارایی : به‌رپرس ده‌بێت له‌ ته‌واوی كۆمه‌ك و هاوبه‌شیه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌ داراییه‌كانی حزب.
6- به‌شی یاسایی : ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتی و به‌دواداچونی كاروباره‌ یاساییه‌كانی تایبه‌ت به‌حزب ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، هه‌روه‌ك راوێژی یاسایی .

ماده‌ی (٢٠) كاروباری دارایی :

حزب ته‌مویل ده‌كرێت له‌ :

1- پشتیوانی خۆبه‌خشانه‌ی دارایی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌.
2- به‌خشش و كۆمه‌كی بێ مه‌رجی كه‌سایه‌تی و دامه‌زراوه‌ نیشتمانیه‌كان.
3- وه‌به‌رهێنانه‌كانی تایبه‌ت به‌حزب به‌پێی یاسا.
4- سه‌رچاوه‌ی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی حزب.
5- پشتیوانی حكومه‌ت بۆ حزبه‌كان.
6- داهاته‌كان له‌ حسابی بانكیی تایبه‌ت به‌حزب داده‌نرێت .

ماده‌ی (٢١) :

هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب :

1- هه‌مواركردنی په‌یڕوه‌ی ناوخۆی حزب له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌یه‌.
2- بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب له‌ڕێگه‌ی ده‌نگدانی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌بێت .

ماده‌ی (٣٣) :

حزب هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌كه‌و به‌ده‌نگی دوله‌سه‌رسێی ئه‌ندامه‌كانی، دواتر له‌ كۆنگره‌ی گشتی تایبه‌تدا ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت، پاره‌و موڵكی حزب ده‌درێته‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌ دیاری ده‌كات.

ماده‌ی (٢٣) : ئه‌حكامه‌ گشتیه‌كان

جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ پابه‌ند بونی دوپات ده‌كاته‌وه‌ به‌ :
1- حوكمه‌كانی ده‌ستورو رێزگرتن له‌سه‌روه‌ری یاسا.
2- بنه‌مای فره‌یی سیاسی و بنه‌مای ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات.
3- زیان نه‌گه‌یاندن به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌ت و پاراستنی یه‌كێتی نیشتمانی.
4- په‌یڕه‌وكردنی بنه‌مای یه‌كسانی و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی هاوبه‌ش بۆ ته‌واوی هاوڵاتیان له‌كاتی وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتی یاخود به‌شداریكردنی.
5- پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی وه‌زیفه‌ی گشتی و دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كان و ، نه‌قۆستنه‌وه‌ی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتی حزبی.
6- حزب خاوه‌نی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی نابێت ، به‌بێچه‌وانه‌ی یاسا و به‌بێ بونی مۆڵه‌تی یاسایی . 
7- ئاگاداركردنی فه‌رمانگه‌ی حزبه‌كان له‌هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب و به‌رنامه‌ سیاسیه‌كه‌ی و ناوی ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ر .
8- ئاگاداركردنی فه‌رمانگه‌ی حزبه‌كان له‌هه‌ر چالاكی و په‌یوه‌ندیه‌ك له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ سیاسیه‌ ناعێراقیه‌كان.