لەگەڵمانبە لە:

چۆن دیموکراسی نوخبەیەکی مافیا دروست ناکا؟

ئاڤان محەمەد
ئەوەی شەرعیەت ئەدا بەدەسەڵات گەلە، ئەوەش کە ئەتوانێ شەرعیەت لەو دەسەڵاتە وەرگرێتەوە ھەر گەلە، کاتێک ھاوڵاتیانی کۆمەڵگەیەک توانای ئەوەیان ھەبێ لە رێگەی دەنگدانەوە نوخبەیەکی سیاسی بگەیەننە دەسەڵات دەبێت توانای ئەوەشیان ھەبێت چاودێری کار و کردەوەکانی ئەو نوخبە سیاسیە بکەن و لە ساتەوەختی ناپاکیکردن لە بەڵێنەکان سزایان بدەن.

ھەردەسەڵاتێک با لەھەناوی پرۆسەیەکی دیموکراسیشەوە ھاتبێتە دەرەوە ئەگەر لەلایەن دەسەڵاتی چاودێریکردنی بەردەوامەوە ھاوڕێیەتی نەکرێت لە ھەر ئان وساتێکدا دەکرێ ببێتە ڕژێمێکی ستەمکار و پاوانخواز، بۆیە گرنگە لە کوێدا دەسەڵات ھەبێت چاودێریکردنیش ئامادەبێت. بەڵام چاودێریکردن بەتەنھا بەس نییە بۆ ئەوەی خۆمان لە ھەموو گریمانە کارەساتاوییەکانی (نادادیی- بێ مافیی –کپکردنی دەنگی ئازاد...ھتد) بپارێزین، چونکە چاودێریکردن بەبێ سزادان مانایەکی نابێت.

کۆمەڵگەی زیندوی دیموکراس لەو ھاوڵاتیانە پێکدێت کەچۆن نوێنەرەکانیان ھەڵدەبژێرن وچاودێرییان دەکەن ئاواش لە کاتی ھەر لادانێکدا سزایان دەدەن، لەژێر دەسەڵاتی سزاداندایە کۆمەڵگە ئەتوانێت دەسەڵات ناچار بکات بە پەیڕەوکردنی بنەماکانی دادپەروەری و ڕێزگرتن لەھاوڵاتیان.

لە وڵاتێکی وەک فەڕەنسادا کاتێک 'دۆمینک دۆڤیلپان' سەرۆک وەزیران لە ساڵی ٢٠٠٥دا پڕۆژە یاسایەک لەسەر کارکردنی لاوان پێشکەش بە پەرلەمان دەکات ھەزاران لاوی فەڕەنسی دەڕژێنە سەر شەقامەکان و لە رێگەی خۆپیشاندانەکانەوە نەک ھەرپڕۆژەکەیان ھەڵوەشاندەوە، بەڵکو ھەموو داھاتووی سیاسی 'دۆمینک دۆڤیلپان'یان بۆ ھەمیشە فڕێدایە پەراوێزەوە و خستیانە بەر نەفرەتی دەسەڵاتی سزادانی کۆمەلگە.

 گەر لەو روانگەیەوە  بڕوانینە ھەرێمی کوردستان دەبینین ئەوەی ھۆکاری سەرەکییە تا دەسەڵاتدارانی ئێستای ھەرێم مافیا ئاسا حوکمڕانی بکەن، ھەم  نەبوونی  چاودێری یاسایی و  ھەم خەمساردیی و نەبونی چاودێری و بەدواداچونی جەماوەرییە بۆ رێگریی جدی لە خۆسەپێنی و قۆرخکاریی تەواوی جومگەکانی دەسەڵات و حوکمڕانی لەلایەن حزبە خێڵەکی و بنەماڵەییە دەسەڵاتدارەکانەوە.
389 ‌خوێندراوە‌
2/13/2019 2:35:06 PM