لەگەڵمانبە لە:

وەستانەوە بەرامبەر دەسەڵات پیاوی خۆی دەوێ شاسوار عبدولواحید بە نمونە

کاوە عەبدولقادر
لە ١٧⁄٢⁄٢٠١١ لە گەرمەی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات کەناڵی ئێن ئاڕ تی کە شاسوار عبدولواحید خاوەندارێتی دەکرد دەستی بە پەخش کرد ، لەگەڵ دەستپێکردنی پەخشی ئێن ئاڕ تی فشاری بەرپرسانی یەکێتی و پارتیش بە تایبەت یەکێتی بۆ سەر شاسوارعبدولواحید بۆ داخستنی ئێن ئاڕ تی یان گۆڕینی سیاسەتی کەناڵەکە و نەگواستنەوەی خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد، بە جۆرێک لەگەڵ ھەر کاتژمێرێکی پەخش دەیان نامەو داواکاری و ھەڕەشە لەلایەن ئەو بەرپرسانە دەگەیشتە شاسوار عبدولواحید بۆ وەستاندنی پەخشی کەناڵەکە، بەڵام ئەو نەک تەسلیم نەبوو داواکارییەکەی جێبەجێ نەکردن بەڵکو تا دەھات کاتژمێری پەخشی کەناڵەکەی زیاتر دەکرد ، لە شەوی سێیەمی پەخش کە دەیکردە بەرواری ١٩ی شوبات داوایان کرد تەنھا چەند ڕۆژێک پەخشەکە ڕاگرن تا خۆپیشاندانەکە دادەمڕکێتەوە ئەگەر نا چیتر بەرگە ناگرن ودەیسوتێنن ، بەڵام شاسوار ئەو داوایەشیانی ڕەتکردەوە و سوربوو لەسەر بەردەوامیدان بە پەخش و گواستنەوەی ناڕەزایی خۆپیشاندەران، بۆیە لە بەرەبەیانی ٢٠ی شوبات ھێزێکی چەکداری سەر بەباڵی دەستڕۆیشتوی یەکێتی ھەڵیان کوتایە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی و کەناڵەکەیان سوتاندیان دوای تەنھا ١٥ کاتژمێر لە پەخش .
لە دوای سوتاندنی ئێن ئاڕ تی شاسوارعبدولواحید نەک وازی نەھێنا و تەسلیم نەبوو، بەڵکو لە ماوەی تەنھا دوو مانگ کەناڵەکەی نوێ کردەوە و دەستی بە پەخش کرد، لەسەڕ ڕێچکەی ھەمان سیاسەتی جاران وەک تاکە کەناڵی ئەھلیی بێلایەن ، ھەر لەگەڵ دەسپێکردنی پەخشی ئێن ئاڕ تیش حکومەتی ھەرێم ھیچ پڕۆژەیەکی وەبەرھێنانی نەدا بە کۆمپانیای نالیا وەک فشارێک بۆ وازھێنانی شاسوار لە پڕۆژە میدیاییەکەی، بەڵام ئەمجارەیان بە کردنەوەی کەناڵی ئێن ئاڕتی دوو وەڵامی دانەوە.
پێش دامەزراندنی کەناڵی ڕووداو،  نێچیروان بارزانی یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی بە ناوی (ف،ک) دەنێرێتە لای شاسوار عبدولواحید و داوای لێ دەکات کەناڵی ئێن ئاڕ تی پێ بفرۆشێت  لە بەرامبەردا  (سی )ملیۆن دۆلاری پێ دەدات و لەسەرجەم قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا خۆش دەبێت و دوو پڕۆژەی گەورەی وەبەرھێنانیشی  پێدەدەن، کە قەزانجەکەی سەدان ملیۆن دۆلار بێت، بەڵام شاسوار عبدولواحید بە نوێنەرەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەڵێت وەڵامتان دەدەمەوە کە تا ئێستا سەرۆکی حکومەت چاوەڕێی ئەو وەڵامەیە کە نەدرایەوە و ھەموو ئەو پارە و دەستکەوتانەی رەتکردەوە، تا دواجار نێچیروان بارزانی کەناڵی ڕووداو دادەمەزرێنێت .
لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ شاسوار عبدولواحید بە بڕی چەندین ملیۆن دۆلار ھاوکاری ماددی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕان و دوو لایەنە ئۆپزسیۆنەکەی تر دەکات و پشتگیریەکی بەھێزیان دەکات لە بوای ڕاگەیاندن، لە کاتێکدا کە ھیچ سەرمایەدارێک بوێری ئەوەی نەبوو وا بە ئاشکرا پشتگیری لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بکات لە دژی دەسەڵات ، ئەم پشتگیریە مادی و میدیاییەی شاسوار یەکێتی بە جارێ ھار کرد و گڕ لەنێوچەوانی بەرپرسانی دەباری ، ھەربۆیە باڵێکی دەستڕۆیشتوی ناو ئەو حزبە بڕیار دەدەن  شاسوارعبدولواحید تیرۆر بکەن بۆئەوەی بە یەکجاری لە بەڵای شاسوار ڕزگاریان بێت. 
ئەوەبوو لە ئێوارەی ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ شاسوار عەبدولواحید لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو لە ناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێمی ڕەنگی ڕەش دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە و بەسەختی بریندار دەبێت.
بەڵام ئەم ھەوڵی تیرۆرکردنە کۆڵ بە  شاسوارعبدولواحید نادات و لەدوای ئەوە کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەکاتە ئێچ دی و دامەزراوەی میدیای نالیا دادەمەزرێنێت و کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی دەکاتەوە .
لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر چڕکردنەوەی بەرنامەکانی ئێن ئاڕ تی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و مەسەلەی دەستور و سیستەمی سیاسی و نا شەرعیبوونی کورسی سەرۆکی پێشوی ھەرێم،  جارێکی تر شاسوار عبدولواحید دووچاری فشار و ھەڕەشەی زۆر دەبێتەوە لە لایەن پارتی تادەگاتە داخستنی ئۆفیسەکانی ئێن ئاڕ تی لە ھەولێر و دھۆک و ئاودیوکردنی کارمەندانی بۆ ئەو دیو دێگەڵە، بەڵام ھیچ یەکێک لەو ھەڕەشە و کردارانەی پاتی کاریگەری لەسەر شاسوار عبدولواحید دروست ناکات، بەڵکو ئێن ئاڕ تی بەردەوام دەبێت لە ڕووماڵی پیشەییانەی خۆی.
لە دوای دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتی باڕزانی لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلول لە مانگی تەموزی ٢٠١٧ شاسوار عبدولواحید بەرەیەک پێک دێنێت بە ناوی (نەخێر لە ئێستادا ) وەک تاکە لایەن و تاکە ھێزی جەماوەری دژی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتی بارزانی دەوەستێتەوە و بە چڕی بانگەشەی نەخێر بۆ ڕیفڕانۆم دەستپێدەکات و دەیان کۆڕ و سیمینار و کۆبوونەوەی جەماوەری ساز دەکات.
ھەر لەو کاتەوە شاسوار عبدولواحید دوچاری چەندین ھەڕەشە و تەخوینکردن و تەشھیر و ھەڕەشەی دەرکردن لە وڵات دەبێتەوە، بەڵام ھیچ یەکێک لەمانە کار لە شاسوار ناکات و بە ھیچ شێوەیەک پاشگەز نابێتەوە لە دروستکردنی ئەو بەرەیە و تا ئێوارەی ٢٥ئەیلول ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەردەوام دەبێت .
بە ھۆی شکستی ١٦ ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان، شاسوار عبدولواحید بە تەنھا بانگەوازی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی جەماوەری فراوان دەکات لە دژی دەسەڵاتی شکستخواڕدووی پاڕتی و یەکێتی ، ئەمجارەش سەرەڕای ھەڕەشە و ڕێگری لێی، بەڵام دەچێتە ناو خۆپیشاندانەکە و پێشەنگی خۆپیشاندەران دەبێت.
لە ١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ لە کاتی خۆپیشاندانەکان شاسوار عبدولواحید لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بڕیار دەدات بگەڕێتەوە شانبەشانی جەماوەر بەشداری خۆپیشاندان بکات، ھەرچەندە ئاگاداردەکرێتەوە کە ئەگەر بگەڕێتەوە کوردستان دەستگیر دەکرێت، بەڵام ئەو سور دەبێت لەسەر گەڕانەوەی تا دەستگیر دەکرێت، ھەرچەندە چاوەڕوان دەکرا دوای ھاتنە دەرەوەی لە بەندیخانە بێدەنگ بێت و پاشەکشە لە ھەڵوێستەکانی بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە بەردەوان دەبێت لەسەر ھەڵوێستەکانی.
لە دوای ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار و بەدەستھێنانی چوار کورسی لە پەرلەمانی عێراق شاسوار عبدولواحید وەک سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڕیاریدا بە تەنھا و بەبێ پارتی و یەکێتی بڕۆنە بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان بکەن، ئەوەبوو چەند جارێک سەردانی بەغدایان کردو تا ئێستا ئەوەی کە ڕو,نە بەشدارن لە دروستکردنی گەورەترین ھاوپەیمانی بەبێ ئەوەی لەگەڵ پارتی و یەکێتی بڕۆنە بەغدا .
ھەموو ئەو ڕووداوانەی باسم کرد، نمونەی کۆڵنەدان و تەسلیم نەبونی شاسوار عەبدولواحید بوو بەرامبەر بە ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە ھەرێمی کوردستان و وەستانەوە بوو بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە و خۆڕاگرتن و بەردەوامی لە بەرامبەر تموحی مادی و ھەڕەشە و فشار و جۆرەھا ڕێگای تر . 
بۆیە دەڵێم وەستانەوە بەرامبەر دەسەڵات پیاوی خۆی دەوێت ھاوشێوەی شاسوارەکان .
خەڵکی ترسنۆک و بەڕژەوەندیخواز و پۆست پەرست ناتوانن بەردەوام بن لەوەستانەوە بەرامبەر دەسەڵات، ھەرزوو ئیرادەیان دەڕوخێت وتەسلیم دەبن.
329 ‌خوێندراوە‌
9/1/2018 1:55:34 PM