لەگەڵمانبە لە:

نەوەى نوێ و جیاوازی ئەم هێزە نوێیە

هەوراز زاهیر
باس لە دروسبونى ھێزێكى نوێ ناكەم كە ٢ ساڵ نابێت تەمەنی، باس لە تێپەڕبوونى چەند مانگێک دەکەم لە ئۆپۆزسيۆن بونى ئەو ھێزە لە كوردستان كە خزمەتى ئەزمونى سياسى و داھێنانى جۆرێتى حزبايەتى كردووە لەم ھەرێمە.
بەباشم زانی چەند خاڵێک بیری خوێنەرانی ئەزیز بخەمەوە کە ئاخۆ جیاوازی نەوەی نوێ چییە لە هێزە تەقلیدیە کۆنەکان؟
١- ھاوڕێكانمان ڕۆشتن و خيانەتيان لە دەنگى دەنگدەران كرد، لە برى ئەوەى ئێمە جنێويان پێ بدەين، ئێمە داواى لێبوردنمان لە دەنگدەران كرد كە خەڵكى ناشايستەمان کاندید کردوە و وەک پێویست لێکۆڵینەوەمان نەکردوە.
٢- گرتنى خۆبەخشان و گەنجان بەبێ ھەبوونى بەڵگە و ھەڵكوتانە سەر بارەگاكانمان، بۆ يەكجاريش بيرمان لە بژاردەى نا مەدەنى نەكردووەتەوە، بەڵکو سەلماندمان کە بەهێزی لە عەقڵدایە نەک لە چەک، ئەوەتا ئێستا هەمووان دەبینن کە نەوەی نوێ نەک لاواز نەبوە، بەڵكو لە جاران زیاتر پشتیوانی جەماوەری هەیە.
٣- يەكەمجارە سەركردەى ھێزێكى ١٥٠ ھەزار دەنگى(کە دڵنیام تەزویر نەبوایە، نەوەی نوێ زۆر لەو دەنگە زیاتری دەهێنا) بە پێى خۆى بچێتە بەردەم دادگاو بێتاوانى خۆى بسەلمێنێ، چەندين ڕۆژ بێ ھەبوونى بەڵگە لە ژورى تاكە كەسيدا بھێڵدرێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر و لای حیزبە تەقلیدییەکان هیچ حساب بۆ دادگا و یاسا نەدەکرا و گەر روداوێکیش رویبدایە ئەوا کوڕی فەقیر بە کوشت دراوە و زیندانی کراوە، نەک کەسی یەکەمی حیزبەکە.
٤- شێوازێكى نوێى حیزبایەتیمان داھێنا كە بریتیە لە دروستکردنی ڕكابەرى لە نێوان هێزەکاندا لە پێناو خزمەتی زیاتری خەڵک، لە برى ئەوەى ھاوڵاتى بدەين بە كوشت و بيانكەين بە مقاش، ھاوڵاتى سوود مەندى يەكەم دەبیت لەم کێبڕکێیە و لەم ململانێیە، باشترین نمونەش پردی سماقوڵی و تونێلی دەربەندیخان و چەندین پرۆژەی تر، کە لێرەوە دەمانەوێت بە هەموو خەڵکی بڵێین حیزبایەتی بریتییە لە خزمەتکردنی خەڵک، نەک دروستکردنی کێشە بۆ خەڵک.
٥-نەوەی نوێ تاكە جوڵانەوەى سياسيە کە ڕەتى دەكاتەوە بودجە لە حكومەتى ھەرێم وەربگرێت و ئامانجی پۆست و پارە و بودجە نییە، بەڵکو ئامانجی گەورەتری هەیە و دەیەوێت نیشانی هاوڵاتیانی بدات کە حیزبایەتی بازرگانی و پارە پەیداکردن نیە، بەڵکو خزمەتکردنی خەڵکە.
٦-ھێزەكانى دەسەڵات يەكەمجارە ڕووبەڕووى ھێزێكى جياواز ببنەوە لە ھەموو ڕويەكەوە جياوازبێت لە پێكھاتەو ڕيتمى حزبەكانى پێشوو، بۆيە نازانن بە چ شێوازێك مامەڵەى لەگەڵ بكەن، حەجمى راستەقينەى نەوەى نوێ و شێوازى كاركردنى شۆكى كردون، لە ڕەدفيعلدا چەندين فشاريان كردووەتە سەر سەرۆك و خۆبەخشانى، بەڵام بێ ئومێد بوون لەوەى ئەم ھێزە ناشرين بكرێت لاى خەڵكى و ڕۆژ بەڕۆژ پشتیوانی و سۆزی خەڵكى زياتر دەچێت بەلاى نەوەى نوێدا.
بۆیە لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە گرنگە هێزی سیاسی لە شتێکدا کێبڕکێ و ملانێ لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا بکات، کە ئەو نەیبێت، بۆنمونە ئەو گەر هێزی هەیە، ئەوا گرنگە تۆ عەقڵ بەکار بهێنیت، پشودرێژ بیت، ئامانجی خۆت بزانیت و رێگاکەت ون نەکەیت بۆ ئامانجەکەت، وە ھەتا فشارى زياتر لەسەر ئەم ھێزە مەدەنيانە بكرێت ئەوا ئەزموونى جيھانى سەلماندويەتى کە جەماوەرى ئەم ھێزانە زياد دەكات، بە مەرجێك ھێزەكە بتوانێت بەردەوامبێت و لە پرنسيپەكانى خۆی لانەدات و پشودرێژ بێت و بەرگە بگرێت.
دڵنيام لە نەوەى نوێ پێکهاتە و سەركردايەتيەكى ھێندە پتەوى ھەيە كە لەژێر ھيچ فشارێكدا سازش لە مافى ھاوڵاتيان ناكات و دەستبەرداری ئەو پرانسیپانە نابێت کە لەسەری دامەزراوە و باوەڕی پێی هەیە.
وەک پێشتر بەردەوام وتومانە، ئەمە شەری ئیرادەیە، براوە ئەو کەس و لایەنەیە کە ئیرادەی ناشکێت و بەردەوام دەبێت و کۆڵ نادات.
*ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى نەوەى نوێ

160 ‌خوێندراوە‌
8/19/2019 10:54:49 PM