لەگەڵمانبە لە:

"لەئابوری سەربەخۆوە بەرەو گەڕانەوە بۆ باوەشی بەغداد"

یەعقوب کاکل
لەپاش تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ لەلایەن کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمەوە،کە بە دیاری کراوی لە حوزەیرانی ٢٠١٥دا بوو ، ئەویش پاش بڕینی پشکی هەرێم لە بوودجەی گشتی عێراق لە شوباتی ٢٠١٤وە دوای ئەوەی هەرێم پابەند نابێت بە ساغکردنەوەو بەبازارگەیاندنی نەوتی هەرێم لە ریگەی کۆمپانیای نیشتمانی سۆمۆوە ، هەر چەند ئەو کاتە نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق بوو بەڵام بەشە بودجەی هەرێم بڕدراو پاش شەش مانگیش لەو بەروارەوە داعش سەری هەڵدا و دۆخێکی تر هاتە ئاراوە ، ئەو سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە نەک نەبوە هۆی جیگیرکردنی دۆخی ئابوری بەڵکو بوە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی دارایی و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە حکومەت دەستی برد بۆ گلدانەوە بەشێک لە موچەی موچەخۆران و ناوی پاشەکەوتی لێ نا ، کە بەڕێژەی لە %١٥بۆ %٧٥ ی موچەکانیان بەناوی پاشەکەوت بڕدرا .
سەرەنجام ئەو دۆخە داراییە بەردەوام بوو هەتا بە فشاری خۆپیشاندەران و لە نەورۆزی ٢٠١٨دا لە لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە مانگانە بری٣١٧ملیارد دینار وەک سولفە بۆ هەرێم نێردرا ، ئەوەیش بەردەوام بوو هەتا تەوافوق لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠١٩ی حکومەتی فیدراڵیدا کرا و لەگەڵ ئەوەیشدا پشکی هەرێم کەمکرایەوە بۆ %١٢.٦ ، هەرچەندە دیسان حکومەتی هەرێم پابەند نەبووەوە.
لە ئێستادا و پاش فرۆشتن و هەناردەکردنی ئەو سەدان ملیۆن بەرمیل نەوتە بەڵام (وەک خۆیان دەڵێن )هێشتا قەرزارین و پێویستە حکومەتی ناوەند قەرزی کۆمپانیاکانی بواری دەرهێنانی نەوت و غاز بداتەوە!!، ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەرێگەی حکوومەتی هەرێمەوە تەواو شکستیان هێناوە لە ئیدارەو حکومڕانی کردنی هەرێمی کوردستانی عێراق .
گەڕانەوە بۆ بەغدادی ئیحتیلال و داگیرکەر!.
دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕیفراندۆمێکی ناوەختەیان ئەنجامدا ئەونەی تر دۆزی سیاسی کوردستانی باشوریان گەڕاندەوە دواوە و شکستی سیاسیی و سەربازی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیان توشی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد، وا ئێستا پاش ئەو هەموو کارەساتانە بەرەو بەغداد گلۆر دەبنەوەو رازی دەبن بە مەرجەکانی بەغدادی ئیحتیلال و دوژمن!
بۆیە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم نە پلانیان بۆ داهاتوو هەیەو نە ستراتیجیانە بۆ بابەتی نەوت و ووزە و تەواوی سێکتەرە ئابووریەکانی تر دەڕوانن ، بەڵکو کەی تاقەتیان نەبوو دەڵین بەغدا موفلیسە یان داگیرکەرەو و مافمان دەخوات ، وە هەرکاتێکیش جەویان ساف بوو بەغداد و عێراق بە قووڵایی ستراتیژیی ناوزەد دەکەن .

59 ‌خوێندراوە‌
11/26/2019 10:50:43 PM