لەگەڵمانبە لە:

بەچی شکۆمەندی بۆ پەرلەمان دەگەڕێتەوە ؟.

یەعقوب کاکل
دامەزراوەی پەرلەمان لەهەموو دونیادا پێگەو شایستەیی خۆی هەیە و لە یەکەمین دەسەڵاتەکان دێتە ئەژمار کە تەشریع و چاودێری و پرساندنی بە شێویەکی دیار و گرنگ تێدا بەرجەستە کراوە ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم دامەزراوە گرنگە بە مەبەست و پیلان بێ ئیرادە کراوە و خول لە دوای خول ئاکتڤیەتی کەم دەکرێتەوە و لاواز و زەبون لە بەر پێی خودی حزب و ئەشخاسی ئەحزاب و پێکهاتەو گروپە کۆمەڵایەتیەکاندا دەفلیقێندرێتەوە ، جارێک بە بڕینەوەی موچەی لە ڕادەبەدەر و جارێک بە دانانی خانەنشینیەکی ئێجگار زۆر و جارێکیش بە پێدانی ئۆتۆمۆبیلی تایبەتی مۆدێل بەرز و شوقە و ئەساسیاتی ماڵ و ئیفاد و سەفەقات وچی و چی ، تەبعەن ئەمانە هەموویان کەرەسەن بۆ ئیغراکردنی ئەندامەکانی پەرلەمان و بەتایبەتی تر فراکسیۆن و پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەکان کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەرامبەریان ئەنجامیان داوە ، نمونەی هەموو ئەمانەشمان لە خولەکانی پێشوودا بینیوە .
زۆر جار پرسیارمان لێ دەکەن بۆچی دەبێت تەنها پەرلەمانتارەکان بە ئامانج بگیرێن و ڕووی قسە و لێدوان و ڕەخنە توندەکان هەر لەوان بێت !؟ ئەی خۆ ئەوە هەر خودی پەرلەمانتار نیە پلە و موچەی بەرزو باڵایە ؟، ئەوەتا وەزیر هەیە بەرێوەبەری گشتی هەیە پلە بەرزە سەربازیەکان و بریکاری وەزیر ..هتد ، هەن و پێویستە ئەم پێڕ و تایپانەیش کەهاوپۆستی پەرلەمانتارەکانن و هەموو ئیمتیاز و ئیفاد و موچە و پارەو پولییان ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتریش نیە لەوان، بۆ جیاوازی بکرێت !؟ ، لە وەڵامدا دەڵێین: ڕاستە هاوئاستن و نابێت لە ڕەخنە و تانەدا جیا بکرێنەوە ، بەڵام تەرکیز و فۆکەسەکە بۆیە لەسەر پەرلەمانتار و نوێنەری خەڵکە چونکە ئەمان راستەوخۆ نوێنەرایەتی دەنگدەر دەکەن و نابێت دەنگدەران لێیان ناڕازی ببن و هەموو کات ئامادەی پرساندنی خەڵک و دەنگدەرانیان بن ، چونکە دواجار پەرلەمانتارانن متمانە بەدەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکەن و بەکاریان دەخەن ، ئەگەر نوێنەرەکان پاک بن و بەرژەوەندخواز نەبن ئەوا دەنگ و سەنگیان دەبێت و دەشتوانن بێ ترس موحاسەبەی گەندەڵکاران و دزەکان بکەن ، وە دەتوانن چاودێری و رەقیبێکی باش و ساغ بن .
لەم سۆنگەیەشەوە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان هەنگاوێکی مێژوویی و گرنگی نا بە ئاڕاستەی ڕەتکردنەوەی موچەی خانەنشینیان ، ئومێدەواریشین سەرجەمی پەرلەمانتارەکانی تر ئەم هەنگاوە گرنگە بنێن و ئەم بابەتە ببێتە کلتور و نوێنەری خەڵک بۆ داکۆکیکردن و رایکردنی کاروبارەکان بچێتە پەرلەمان بۆ ماوەیەکی زەمەنی دیاری کراو و دواتریش بچێتەوە سەر کارەکەی خۆی ، نەک پەرلەمان و سەرجەم دامەزراوە دەوڵەتی و گشتییەکان وەک سەرچاوەیەکی پارەپەیداکردن و بەدەستهێنانی سامان و خەونی بچوک و ووردیلە لێی بڕوانرێت! .
*ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ

180 ‌خوێندراوە‌
2/1/2020 10:23:35 PM

زۆرترین خوێندراو