لەگەڵمانبە لە:

" سەلماندنی شکستەکان لەئامێزی بەغداوە"

فاروق غەفور
وەفدی ھەرێم لەدانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا، داوا دەکات بەشە بودجەی ھەرێم بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان بێت کە کەمتر لە ١٤% یە ، بەڵام تا ئێستا ناوەند بەو رێژەیە رازی نیە ‌و پێیوایە ھەرێم شایستەی کەمترلە ١٣% یە.
لەباشترین حاڵەتدا گریمان حکومەتی ناوەند بەو رێژەیە رازی بوو، ئەنجومەنی نوێنەرانیش پەسەندیکرد، بێگومان ھەم حکومەتی ھەرێم و ھەم پەرلەمانتارانی کوردیش لەبەغداد ئەوەمان بەسەرکەوتن لەشەڕی بوجەدا پێدەفرۆشنەوە، گوایە بەردەوامیی موچەیان مسۆگەرکردوە.
ئەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بە سەرکەوتنی دادەنێن ئەگەر بێتەدی، ئەوە بەر لەھەر شتێ شکستی ئابووریی سەربەخۆ دەسەلمێنێت، خۆ زۆر بەوردییش لەزیانەکانی نەکۆڵینەوە ئەوە بەڕوونی لەدەستدانی دەیان ملیارد دۆلار دەبینین، ئەوەش نەک سەرکەوتن نیە، بەڵکو دەبێت دەسەڵاتدارانی ھەرێم و بەرپرسیارانی ئابووریی سەربەخۆی پێبدرێتە دادگا، نەک بەناوی ھەرێمەوە دانوستان بکەن و درێژە بەدەسەڵات بدەن.
بەر لەئابووریی سەربەخۆ، ھەرێمی کوردستان رێژەی ١٧% ی بودجەی عێراقیی وەردەگرت لەگەڵ بودجەی پەرەپێدانی ھەرێمەکان کە سەدان ملیارد دینار بوو، بۆ ھەر سێ پارزگاکەی ھەرێم و، زۆرینەی پرۆژەکان بەو بودجەیە جێبەجێدەکران، ئەوە سەرەڕای ناردنی بەشی ھەرێم لە نەوتی سپیی و بەنزین و گازۆیل، بەڵام ئێستا دوای شکستی ئابووریی و گەڕانەوە بۆ ئامێزی بەغدا، ھەرێم مەمنونە حکومەتی ناوەند نەک ١٧% بەڵکو کەمتر ۱٤٪ ی لە بودجەی گشتیی عێراقیی بداتێ دوای دەرکردنی خەرجیە سیادیەکان.
واتە نزیکەی ٣٠٠ ملیارد دینار کەمتر بۆ ھەر مانگێک.
لەبەرامبەردا حکومەتی ھەرێم دەبێت مانگانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتیش بداتە سۆمۆ، ئەوەش مانگانە دەکاتە نزیکەی ٤٥٠ ملیار دینار.
ئەگەر باس لەو زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلارەی وەک قەرز ھاتووەتە سەر ھەرێم، ھەروەھا ئەو رەوشە ناھەموارە ئابوورییەش نەکەین کە ماوەی چوار ساڵە ھەرێم و دانیشتوانەکەی روبەڕوی بوونەتەوە، ئەوە تەنھا کەمبوونەوەی رێژەی بودجەی ھەرێم و ئەو ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەی رۆژانە دەبێت ھەرێم بیداتە سۆمۆ و مانگانە دەکەنە زیاترلە ٧٥٠ ملیار دینارکە بەشی موچەی مانگانەی فەرمانبەران دەکات بە بندیوارەکانیشەوە، زیانە بەردەوام و ئایندەییەکانی ئابووریی سەربەخۆیە، کە قەدەر بەرپرسیارەکانی کردووەتە دەمڕاست و دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان و ئێستا لەئامێزی بەغداوە شکستەکانی خۆیان دەسەلمێنن.

79 ‌خوێندراوە‌
11/26/2019 10:53:48 PM