لەگەڵمانبە لە:

عێراق و كوردستان لە نێوان عاشقە كورسی و عاشقە كۆچكردن

عومەر مامە کوردە
بە هەزاران هاوڵاتی عێڕاق و كوردستانیش خەون بەوە دەبینن كە رۆژێك هەلێكیان بۆ بڕەخسێێت و ئەم ووڵاتە بەجێبڵن و بگەنە ووڵاتێكی رۆژئاوا بۆ ئەوەی ژیانێكی شەرەفمەندانە بە ئارەقەی نێوچاوانیان دەست بەژیانێکی باشتر بکەن.
رۆژانە هەواڵی خنكان و گیرانی هاوڵاتیانی كورد و عێڕاق لە كەناراوەكانی ووڵاتانی باشوری كیشوەریی ئەوڕوپا لە شاشەی تەلەفزیۆنەكان دەبینین، پێویست ناكات ئەوە بپرسین كە ئایا عێڕاقیەكان وە بەتایبەتیش كوردەكانی ئەم ووڵاتە بۆچی لە هەلێك دەگەڕین كە ووڵاتەكەیان جێبهێڵن؛ چونكە هەموومان دەزانین كە ماوەی نزیكەی پەنجا ساڵە ئەو ووڵاتە بەهۆی خراپی حوکومڕانەکانی باشترین هاوڵاتیەكانی خۆی لە دەست دەدات و زۆربەشیان پەنا دەبەنە ووڵاتانی ئەوڕوپا
لە بەرانبەردا راستیەكی تر هەیە كە ئەوەیە ئەو كەسانەی پێشتر لەو ووڵاتە پەنایان بردۆتە بە ووڵاتانی رۆژئاوا كاتێك پۆستیكی باڵایان لە ووڵاتی خۆیان دەست دەكەوێ دەگەڕێنەوە ووڵات ئەگەر هەزار شکست و فەشەلیش لە کارەکەیدا بچنێتەوە دەست لەكار كێشانەوە لە قامووسی ئەواندا نیە، خۆ ئەوان بەدەستهێنانی ئەو پۆستەی لە رێگای حزبەكانیان بە رێزلێنان دەزانن نەك ئەرك.
ئایا ئەزانن ئەوانەی پۆستی باڵایان هەیە یان هەبووە رۆژێك لە رۆژان خەونیان بەوە بینیووە كە تەنها یەك ئۆتۆمۆبێڵی تازەیان هەبێ؟ كەچی ئەمڕۆ دەسەڵاتی خەرجكردنی ملیۆنێك دۆلاریان هەیە.
ئاخر بەڕاستی ئەوە بەهیچ رێگایەك لەگەڵ سیستەمی دیموكراتی یەكناگرنەوە!
راستیەك هەیە دەبێ دانیپێدا بنیین ئەویش ئەوەیە كە ئەو كەسانەی هاوكار بوون لە روخانی رژێمی سەدام (خەباتیان) كرد دژی سیستەمەكەی حکومەتێكی لە ئەو باشتریان دروست نەکرد، بە بەڵگەی ئەوەی چەسپ بوون بەكورسی هەر بەردەوامە ، ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی هەر بەردەوامە ، جیاوازی چینایەتی زیاتر بووە ، ئەگەر سیستەمێكی باشتریان بهێنابوایەکایەوە لانی كەم كۆچكردن بە رێگایەكی مەترسیدار دەوەستا، ئەوەی ئەمرۆ لە ووڵاتی ئیمە دەگوزەرێ تەنها كێبڕكییە لەسەر وەدەستهینانی پۆست وپارە و ئەمەش لە هیچ سیستیمێكی سیاسی یان رێباز و ئادیایەكی سیاسی جێگانی نابێتەوە، بەڕاستی سیستەمی دیموكراتی تەنها بریتی نیە لە هەڵبژاردنی كەسێك یان لیستێک و تەواو، نا بەڵكو دەبێ ئەوەی هەڵبژێردراوە و بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بۆتە نوێنەری هاوڵاتیان دەبێ چاودێری بكرێ و لێپیچینەوەی لەگەڵ بكرێت لەلایەن خودی هاوڵاتیانەوە ئەویش بە سزادانیەتی بە هەڵنەبژاردنەوەی لە جاری داهاتوو؛ بەراستیش ئەمە لە ووڵاتی ئێمە بوونی نیە.
بۆیە نەوەی نوێ دەبێ لەو كێشەیە تێبگات و كاتێك هەڵبژاردن دێتە پێشەوە دەبێ پێچەوانەوەی نەوی پێش خۆیان بە گوڕوتینەوە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن و كەسانی دڵسۆز تاقینەكراوە هەڵبژێرن نەك هەمان كەسان دووبارەبكەنەوە كە رۆژانە پرتەوبۆڵەیانە لە دەستی حکومی ناعەدالەتیان.
بۆیە خەڵك ئەگەر مەبەستی بێ دەتوانێ كەسانی باشتر و بونیانەر سەربخەنە دەسەڵات و ووڵاتەكەیان ئاوەدان بكاتەوە نەك وێرانی بكات.

260 ‌خوێندراوە‌
11/26/2019 10:55:37 PM

زۆرترین خوێندراو