لەگەڵمانبە لە:

ئەو مرۆڤانەى کە هەمیشە قسە دەکەن، ئەوانەن کە هیچ فێرنابن، چونکە هەر ئەوانە دەڵێن کەدەیزانن

شاسوار عەبدولواحید
دەقى وتاری شاسوار عەبدولواحید لە دیداری ئاشتی و پێکەوەژیان لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)
السلام علیکم ورحمە الله
پێشەکى بەبۆنەى ساڵیادى لەدایکبوونى پێغەمبەرمان محەمەد (صلى الله علیه وسلم) پیرۆزباییەکى گەرم لەجەنابتان و لەموسڵمانانى کوردستان و لەگشت موسڵمانانى دونیا دەکەین بەم بۆنە پیرۆزەوە.
راستییەکە من حەزناکەم زۆر کاتتان لێبگرم، چونکە ئەمڕۆ ئێمە هاتووین بۆ ئەوەى گوێبیستى جەنابتان بین و گوێبیستى ئەو پەیامەبین کە هەندێک لەبەڕێزانتان هەڵتانگرتووەو باس لەپێکەوەژیان دەکات. بەڵام بەکورتى چەند تێبینیەک کە پێشتر لاى ئێمە یان خەڵکى تر هەبووبێت بیگەیەنین تاوەکو بەبۆچوونەکانى ئێمەو بەبۆچوونەکانى جەنابتان هەموو لایەنەکان پێکەوە وابکەین فکرەیەکى تەواوکارى بەرهەمبهێنین لەم دانیشتنەى کە هەیە.
بەبۆچوونى من ئەگەر ئەم تێبینیەک لێوەربگرن یان پەسەند بێت لاى جەنابتان، زۆر زۆر گرنگە هەمیشە مرۆڤ، هەر مرۆڤێک هەر بیروباوەڕێکى هەیە، هەمیشە گوێى شل بکات و گوێ لەخەڵکانێکى تر بگرێت کە لەدەرەوەى بیروباوەڕى خۆیەتى، یاخود تەنانەت رەنگە هەمان بیروباوەڕیان هەبێت بەڵام رێگەى تێگەیشتنیان یان تەفسیریان جیاوازە، ئەگەر هەر کەسێک لەئێمە گوێبیستى هاوڕێیەکى، هاوڵاتیەکى، کەسێکى ناو خێزانەکەى، کەسێکى تر کە رەنگە جیا بیربکاتەوە، نەبین، ئەوا ئێمە هەر ئەو شتانە دەڵێینەوە کە دەیزانین، بۆیە هەرگیز فێرى شتى تازە نابین. 
بەبۆچوونى من خاڵێکى تر زۆر گرنگە لەمەسەلەى پێکەوەژیان کە بابەتێکە ئەمڕۆ جەنابتانى لەسەر کۆبوونەتەوە، بەبۆچوونى من بەدەر لەگفتوگۆ، بەدەر لەحیوار، بەدەر لەم دانیشتن و دیدارو سیمینارو کۆڕبەندو هەموو ئەوانەى کە هەیە، بەدەر لەقسەکردن، خاڵێکى تر زۆر زۆر گرنگە کە پەیوەستە بەپێکەوەژیانەوەو کاریگەرى هەیە لەسەر پێکەوەژیان، ئەویش کردارەکانمانە، ئایا ئێمە بەکردار چەندە باوەڕمان بەپێکەوەژیان هەیە؟ ئایا چەندە لەئێمە قبوڵیەتى لەماڵەکەیدا، لەدراوسێیەکەیدا، لەگەڕەکەکەیدا، لەشارەکەیدا، کەسێکى تێدا بێت کە وەکو ئەو بیرناکاتەوە، ئەمە یەکێک دەبێت لەو نموونە جوانانەى کە ئەگەر ئێمە کارى لەسەر بکەین، رۆژ بەڕۆژ وادەکەین ئەم وڵاتەمان پێکەوەژیان تێیدا پەرەبسێنێت، کە پێکەوەژیان تێیدا پەرەى سەند، ئاشتى پەرەدەسێنێت. دەزانن یەکێک لەو هۆکارانەى کە وڵاتەکانى ئێمە هەمیشە لەحاڵەتى شەڕو جەنگدایە، هەمیشە لەحاڵەتى توندى و گرژى و بەیەکداچووندایە، ئەوەیە کە ئێمە زۆرجار باوەڕمان بەو پێکەوەژیانە نییە، باوەڕیشمان بەو پێکەوە ژیانە نییە چونکە هەر کەسێک لەئێمە ئامادە نییە دەستبەردارى بەشێک لەو شتانە بێت کە خۆى باوەڕى پێیەتى، من ناڵێم خوانەخواستە دەستبەردارى بێت و باوەڕى پێنەهێنێت، بۆنموونە کەسێک موسڵمانە واز لەئاینەکەى بێنێت، یان کەسێکى تر مەسیحیە واز لەئاینەکەى بێنێت، نەخێر، بەڵکو دەسبەردارى هەندێک لەو شتانە بێت کە لەوێدا پێویستە موناقەشەى بکات، رەنگە ئەگەر موناقەشەى بکات بەتوندى یان بەو شێوەیەى کە دڵى بەرامبەرەکەى عاجز دەکات، موناقەشەى نەکات، واتە هەموومان بڕێک لەتەنازول کردنمان تێدا بێت بۆ یەکتر بۆ ئەوەى لەکۆتاییدا ئێمە بتوانین پێکەوە بژین. من پێم سەیرە لەسەردەمى زەینلعابدین بنعەلیدا لەوڵاتێکى وەکو تونس کەزۆرینەى رەهاى موسڵمان بوون، مسوڵمانەکان لەتونس رایاندەکرد دەچوون بۆ ئیسپانیا بۆ ئەوەى بارەزووى خۆیان نوێژ بکەن، لەکاتێکدا لەناو تونسدا کەبەحساب وڵاتێکى مسوڵمانە دەبوایە بەهەویە بچووایە بۆ مزگەوت، بۆ؟ ئێستاش لێرەوە بەشێکى زۆرمان دەچینە ئەوروپا، لەئێرانەوە خەڵک دەچێتە ئەوروپا، لەسعودیەوە خەڵک دەچێتە ئەوروپا. لەشارێکى وەکو لەندەن ٣٦٢ مزگەوتى تێدایە، نازانم ئەگەر ئێستا زیادى کردبێت یان نا، داتاکەى من هى چەند مانگێک لەمەوپێشە، لەخوابەزیاد بێت رەنگە مانگ بەمانگ و ساڵ بەساڵ زیاد بکات، لسەشارێکى وەکو لەندەن سەرووى ٣٦٠ مزگەوتى تێدایە، بەحوسەینیەو بەجامع، بەداخەوە کە ئەو قسەیەش دەکەم، مزگەوتى هەموو مەزهەب و خەتە جیاوازەکانى ئایینى پیرۆزى ئیسلامى تیادایە، کەچى لەشارێکى وەکو تاران کە نزیکەى ٢٠ ملیۆن مسوڵمانى تێدایە، یەک مزگەوتى سووننەى تێدایە، لەوڵاتێکى گەورەى وەکو سعودیە یەک حوسەینیەى تێدایە، بەڵام لەلەندەن ٣٦٢ حوسەینیەو مزگەوت و هەموو جۆرەکانى ترى تێدایە، بۆ؟ خوانەخواستە ئەمە نابێت بە ریکلامێک بۆ ئەوان، حەتمەن یەکدنیا شتى باش لەم وڵاتەى خۆماندا هەیە، من خۆم یەکێکم لەوانەى ئەم وڵاتەى خۆمم هەڵبژاردۆتەوە، لەئەوروپاشەوە گەڕاومەتەوە، ساڵى ٢٠٠٠یش گەڕاومەتەوە، لەبەرئەوەى بڕوام بەهەندێک قیەم و مەبادئ هەیە کەلەم وڵاتەى خۆمدا دەیدۆزمەوەو پێى مورتاحم. ئەمە نابێت بەریکلام بۆ دەرەوە، بەڵام ریکلام بۆ ئەو بەشەى دەکەم کەمسوڵمانەکان یان کەغەیرە مسوڵمانەکان یان کەفرەنەتەوەکان یان فرە رەنگەکان، لەهەندێکى شوێنى تر زیاتر جێیان دەبێتەوە وەک لەشارەکەى خۆمان، ئێستا ئەگەر لەشارەکەى خۆماندا رەنگە کۆمەڵێک خەڵکى عەرەب بێت لێرە بژى، هەندێک خەڵکى هەیە رەنگە حەساسیەتى پێى هەبێت، لەکاتێکدا لەشارێکى لەندەندا مایەرى شارەکە کە لەپارێزگاریش گەورەترە، واتە عومدەى شارەکە مسوڵمانە، پانزە بۆ شانزە ملیۆن خەڵکى تێدایە بەشى زۆریان مەسیحى و خەڵکى غەیرە مسوڵمانن، گەورەکەیان لەلەندەن، ئێستا ئەوەى کە حوکمیان دەکات مسوڵمانە، قبوڵیشیانە. خەڵکیش بەئاشتى دەژى، کەسیش قسە بەکەس ناڵێت، کەس کەسى تر تەکفیرناکات، کەس کەسى تر وەکو دوژمن سەیر ناکات.
بەهەرحاڵ یەکێک لەو بابەتانەى کە باسمان کرد ئەم بابەتەیە کە من وەکو هاوڵاتیەک، ئەمڕۆ لەخزمەت جەنابتاندام و هاتووم بۆ ئەوەى گوێ لەجەنابتان بگرم، ئیشەڵا دڵنیام بەرنامەکانى ئێوە سوودى دەبێت، تەکلیفێکم لەبەڕێزتان هەیە، ئەویش ئەوەیە چەندە هەوڵبدەن جیاوازى یەکتر قبوڵ بکەن یان ئەم رۆحیەتە بڵاوبکەنەوە، هێندە هەم خۆتانى پێ جوانتر دەبن، کە جوانن و، خۆشتانى پێ گەورەتر دەبن و وڵاتەکەشمان دەخەنە ئاشتییەوە.
یەکێکى تر لەو خاڵانەى کە من زۆر مەبەستمە باسى بکەم، کەدڵنیام بەشێکى زۆر لەئێوە پەیڕەوى ئەو رێگەیەى پێغەمبەرمانتان کردووە صلىلله علیه وسلم، ئەویش ئەوەیە کە پێویستە کەهەموومان خۆنەویست بین، شەو پۆستێکیشم کردووە بەبۆنەى ساڵیادى لەدایکبوونى پێغەمبەرمان صلى الله علیه وسلم، باسى ئەوەم کردووە ئەڵێم لەپاڵ ئەوەى کە پێغەمبەر وەحى بۆ هاتۆتە خوارەوەو پێغەمبەرو پەیامبەرى خواى گەورەیەو هاتووە بۆ ئەوەى ئایینى ئیسلام بڵاوبکاتەوە، بەڵام لەکاتى خۆیدا، باسى کاتى خۆى دەکەم، باسى چەند رۆژى یەکەمى پێغەمبەرایەتى دەکەم، بەتەنها بەهۆى هاتنەخوارەوەى وەحى و بەهۆى ئەوەى کە پەیامبەرى خوداى گەورە بووە، خەڵک باوەڕى پێنەکردووەو شوێنى نەکەوتووە، بەڵکو بەهۆى کردارەکانیەوە خەڵک شوێنى کەوتووە، پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم، لەوکاتەدا قورەیشیەکان و دەوڵەمەندەکانى مەککە هەمووى هاتنە لاى وتیان چیت ئەوێ، هەرچى سەروەت و سامان و پارە هەیە دەتدەینێ و دەشتکەینە سەیدى مەککە، پێویستت بەچییە دەتدەینێ، وتى والله ئەگەر هەموو سەروەتى دنیاو کانزاو ئاڵتونى دنیام بدەنێ دەستبەردارى ئەم ئایینەم نابم. ئەمە وایلێکرد هەم هاوڕێکانى بزانن ئەم پیاوە پیاوێکى زۆر زۆر گەورەیە، بۆیە تەنازول بۆ پارە ناکات، هەمیش دوژمنەکانى و نەیارەکانى بەشێکیان ئیمانیان پێهێنا وتیان دیارە ئەم پیاوە شتێکى زۆر زۆر گەورەترە دەزانێ لەوەى ئێمە تێیگەیشتووین، بۆیە ئەوەى کە وایکردووە کەخەڵک دواى پێغەمبەر بکەوێ صلى اله علیه وسلم، ئێستا سەروو ملیارێک کەس بەدوایەوەیەتى ئەو کردارە جوانانەیەتى کە لەڕابردوودا هەیبووە، ئەو خۆنەویستیەیەتى، ئەوەى کە هیچى بۆ خۆى نەویستووە.
ئەگەر ئێمە یان بەڕێزتان یان هەر کەسێک، کە من خۆم بە موقەسیر دەزانم کەئێستا قسە لەگەڵ ئێوەدا دەکەم، بەڵام لانى کەم جەنابتان مامۆستایانى ئایینین، رەنگە ئێوە لەدەرەجەى ئیماندارىو ئیلتیزامتان بەئایینە پیرۆزەکەوە لەمنیش لەپێشتر بن، تاکە تکام ئەوەیە کە ئێمە و ئێوە بۆئەوەى وا لەخەڵک بکەین، باوەڕبهێنێت، وا لەخەڵک بکەین کاریگەربێت پێتان یان پێمان، ئەو کردارانەیە کە ئیشەڵا شوێنى بکەوینەوەو جێبەجێى بکەینەوە.
من سەرتان نائێشێنم، تەنها لەکۆتاییدا یەک قسە دەکەم و بەم قسەیە کۆتایى بەم وتارەى ئەمڕۆمان دێنیین، زۆربەى ئەو وڵاتانەى کەئێوە لەتەلەفزیۆندا دەیبینن، هەندێکیان وڵاتى پێشکەوتوون، ئەم وڵاتانە زۆر زۆر چوونەتە پێشەوە، هەندێکیان ئێستا دونیا بەڕێوە دەبەن، ئیدارەى عالەم دەکەن، هەندێکیان خەڵکانى ئێمە بەلێشاو دەچێتە ئەو وڵاتانە و لەو وڵاتانە دەژى، وڵاتى تیادایە پیاوێکى وەکو مامۆستا کرێکار دەڵێ من ئێرەم لەکوردستان پێباشترە، واتە کەسێک کەدەتوانین بڵێین کۆن پیاوێکى جیهادى بووە، ئێستا وادەڵێت، دەڵێ ئەوروپا وەهایە، بێکومان وەک وتم ئەمە نابێتە ریکلام بۆ ئەوێ، بەڵام خۆلاسەى قسەکەم ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەى کە ئێستا گەورەبوون، پێشکەوتوون، وڵاتى پێشکەوتوون و خەڵکەکەى خۆش دەژى، ئەوە بزانن کە بەجوهدى خەڵکەکەى خۆیان پێشکەوتووە، قەت وانەزانن هیچ وڵاتێک بەسوتفە پێشکەوتووە، قەت وا نەزانین هیچ وڵاتێک لەخۆوە، یان کەسێکى تر هاتووە ئەم وڵاتەى پێشخستووە، نەخێر، خۆیان وڵاتەکەى خۆیان پێشخستووە، ئێوە جەنابتان میراتگرى پێغەمبەرن صلى الله علیه وسلم، بەشێک لەئێوە، ئێمە کۆمەڵگەیەکى مسوڵمانین، مامۆستا ئاینییەکانمان لەڕۆژانى هەینیدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس گوێیان لێدەگرێت، دەتوانن خەڵک پێش بخەن، دەتوانن خەڵک رێنوێنى بکەن بەرەو رێگەى راست، دەتوانن وابکەن ئەم وڵاتەى ئێمەش وەکو وڵاتانى دونیا کراوەبین، زیاتر بیربکەینەوە، زیاتر باوەڕمان بەجیاوازییەکان بێت، زیاتر گوێ لەخەڵکى تر بگرین، رۆژانەش لەهەمووى گرنگتر ئەوەیە کە شتى زیاتر فێربین، قسەى یەکێک لەکەسایەتییە بەناوبانگەکانى دونیا هەیە ئەڵێ ئەو مرۆڤانەى کە هەمیشە قسە دەکەن، ئەوانەن کە هیچ فێرنابن، چونکە هەر ئەوانە دەڵێن کەدەیزانن، بەڵام ئەو مرۆڤانەى کە گوێ دەگرن بۆ خەڵکى تر، ئەوانەن کە رۆژانە شتى تازە فێردەبن.
بۆیە من تکام لەجەنابتان ئەوەیە بەهەموومانەوە، هەوڵبدەین کوردستان پێش بخەین، ئەم وڵاتە پێش بخەین، رەنگە من لەزۆر شتدا وەکو ئێوە نەبم، رەنگە خوانەخواستە هاوڕا نەبین، رەنگە تەبیعەتمان وەکو یەک نەبێت، جارى وا هەیە لەماڵێکدا دوو براى تێدایە جارى وا هەیە باوکو کوڕ، دایک و کچ، ژن و مێرد، وەکو یەک بیرناکەنەوە، زۆر زۆر ئاساییە، ئەمە ماناى ئەوە نییە من دوژمنى ئێوەم، یان خوانەخواستە بەچاوى دوژمنایەتیەوە سەیرى ئێوە بکەم، نەخێر، بەوپەڕى حورمەتیشەوە سەیرتان دەکەم، ئەگەر من رۆژێک لەڕۆژان لەشتێکیشدا لەگەڵ جەنابتان هاوکۆک نەبووبێتم، بەڵام لەچ سوچێکى ئەم کوردستانەوە زانیبێتم تەعدا لەمامۆستایەکى ئایینى کراوە یان عەزێتێکى دراوە، بەهەموو توانایەکى خۆمان پشتیوانیمان لێکردووە، چ میدیایى بێت یان چ بەشەخسى بێت. هەر مزگەوتێک لەهەر شوێنێکى کوردستان بووبێت ئەوەى دەستى بۆ ئێمە درێژ کردبێت ئەوەى توانیبێتمان لەخوا بەزیاد بێت توانیومانە جێ پەنجەیەکمان تێیدا دیار بێت، من ماناى ئەوە نییە دوژمنى ئێوەبم، یان ئێوە دوژمنى من بن، ئەوانە پێم وایە هەندێک شتى لاوەکین و دەتوانین بەکردارە جوانەکانى یەکترى کاریگەرى بکەینە سەر یەکتر. بەڵام قسە سەرەکییەکە ئەوەیە ئێمە ئەگەر، گریمان تۆزێک جیاوازیش هەیە لەنێوانماندا چۆن سەربارى ئەو جیاوازیە هەموومان دەست بخەینە دەستى یەکەوەو ئەم وڵاتە پێش بخەین. چۆن لەم دڵەڕاوکێ و لەم ناخۆشى و لەم دژایەتى و لەوەى کە بەردەوام یەکتر ئەکەینە دوژمنى یەک، ئەمە پارتیە ئەمە یەکێتیە ئەمە نازانم چییە ئەوە فڵان حزبە ئەمە ئیسلامیە ئەمە عەلمانیە ئەمە سەلەفیە، هەزارو یەک خاڵى ناکۆکمان دۆزیوەتەوە لەبەینى خۆماندا بەمەرجێک ناکۆکیشمان نیە، من پێم وابێت رەنگە بەهەموویەوە دە شتى بچووک ناکۆک نەبێت لەنێوانماندا بەڵام هەزاران خاڵى هاوبەش هەیە، ئێستا لەبەینى من و ئێوەدا کەسمان نایەین باسى خاڵە هاوبەشەکان بکەین، کە بیبژێرین هەزار زیاترە، دێین باسى شتێکى بچووک دەکەین لەسەر تەریقەیەکى بچووک خیلاف بۆخۆمان ئەدۆزینەوە بۆ ئەوەى کەئێمە نەتوانین پێکەوە بژین.
بەهەر حاڵ من سوپاسى جەنابتان دەکەم، گەورەتان کردین کەئەمڕۆ ئامادەبوون ئێمەش خۆشحاڵ دەبین کە ئەمڕۆ هاتوین وەکو میوان گوێ لەجەنابتان دەگرین، هیوادارم ئەو بابەتى پێکەوە ژیانە بابەتێکى زۆر زۆر گەورەیە، ئەوە تاکە بابەتە کە وڵاتانى دونیاى بردۆتە پێشەوە، ئەگەر هەر وڵاتێک لەم ناوچەیە، هەر میللەتێک ویستى بچێتە پێشەوە، ویستى وڵاتەکەى خۆشگوزەران بێت و پێشکەوتوو بێت، دەبێ بەپلە یەک باوەڕى بە پێکەوە ژیان و فرە رەنگى هەبێت، هەتا باوەڕمان بەمە نەبێت لەناوخۆماندا هێمن نەبینەوە، ئەو وزە زۆرەى کەئێستا لەناو یەکدا سەرفى دەکەین، ئەو کێشەیەمان نەمێنێ، پێشناکەوین، چونکە ئێستا بەشێکى زۆرى وزەو تواناکانمان دژى یەکتر سەرف دەکەین، کەدێینە دەرەوە، بۆ ئەوەى بەرامبەر نەیارەمانمان بینەوە، بەرامبەر وڵاتانى تر ببینەوە، بەرامبەر تەکنەلۆجیا ببینەوە، بەرامبەر کردنەوەى کارگە ببێنەوە، سەیر دەکەیت وزەمان پێ نەماوە، لەبەر ئەوەى هەموو فکرو هۆشمان لاى ئەوەیە من دراوسێکەم چى دەکات و ئەم بۆ واناکات و ئەو لەرقى ئەو فڵان شت دەکات و ئەو بۆ سەیرى فڵانە کەناڵ دەکات و ئەم بۆ سەیرى ئەوە ناکات، هەموو وزەکەمان لەشتى بچووکدا سەرف دەکەین، بۆیە پشت بەخواى گەورە بەهاوکارى و پشتیوانى خەڵکانى وەکو ئێوە، دەکرێ لەمڕۆ بەدواوە ئەمە بڵاوبکەینەوە لەناو میللەتى خۆماندا کە ئێمە چۆن میللەتێکین قەدەرمان پێکەوەیە بەشى هەرە زۆرمان لەخوا بەزیادبێت شوێنکەوتووى ئەم ئایینەین، بۆچى پێکەوە نەژین، بۆچى خزمەتى خۆمان و وڵاتەکەمان و مناڵەکانیشمان نەکەین، مناڵەکانى جەنابتان پەنجا ساڵى تر ئەو پرسیارە دەکەن دەڵێن باوکمان چى بۆ ئێمە کردووە، باپیرمان چى بۆ ئێمە کردووە، توانیویانە چى بۆ ئەم وڵاتە بکەن، هیوادارم لەئێستاوە هەمومان کاربکەین بۆ وەڵامدانەوەى پەنجا ساڵى تر ئەگەر مناڵەکانمان پرسى وتى کاتى خۆى باوکمان لە ٢٠١٨دا چى بۆ کردوین، بڵێین فڵانە شت کراوە، یان مێژوو بینوسێتەوە بڵێین فڵانە شتمان کردووە، من سوپاستان دەکەم دەست و چاوتان خۆش بێت و زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.

445 ‌خوێندراوە‌
11/20/2018 10:17:20 PM

زۆرترین خوێندراو