لەگەڵمانبە لە:

ڕێککەوتنی حیزبەکان بۆ دابەشکردنی کێکەکەیە

شاسوار عەبدولواحید

 

هاوڵاتی ئازیز:

هەرگیز پێت وا نەبێت رێکەوتنی هەموو حزبەکان لەبەر خاتری چاوی کاڵی تۆیە!

حزبەکان ٤ ساڵ جنێو بە یەک دەدەن و دۆشکە دەنێرنە سەر بارەگای یەکتر و سوکایەتی بە یەک دەکەن، تۆ و خزم و کەسوکار و هاوڕێکانت دەکەن بە دوژمنی یەک.

بەڵام دوای هەڵبژاردن دێن لەسەر قاشکردنی کێکەکەی هەڵبژاردن رێک دەکەون،نەک لە بەر خاتری چاوی کاڵی تۆ.

لە بەر وەزارەت و پۆست و پارە دزین رێک دەکەون، نەک لەبەر خاتری گیرفان و گوزەرانی تۆ.

بیرتان چوەوە لەساڵی ٢٠١٤ هەمو حزبە کوردییەکان رێککەوتن و پێکەوە چونە بەغداد؟ بیرتان چوەوە لە هەرێم پێکەوە حکومەتیان پێک هێنا؟ بە ڕاستی پێت وایە رێکەوتنی حزبەکان و ئەو یەکریزییەی کە باسی دەکەن لەبەر خاتری تۆ بوو؟ ئەی بیرت چوەوە موچەکەت چی لێ هات؟ بیرت چوەوە دوو مانگ دوای پێکهێنانی حکومەت بەنزینیان لە ٥٠٠ دینارەوە کرد بە ٩٥٠ دینار؟ بیرتان چو کارەبا لە ٢٣ کاتژمێرەوە بو بە ٦ کاتژمێر؟ بیرتان چوەوە کە نەوتی کەرکوک رۆژانە سەدان هەزار بەرمیلیان دەناردە دەرەوە و کەچی لە بری ئەوەی پارەکەی بدەن بە خەڵکی کەرکوک و تۆی هاوڵاتی لە هەرێم،هەستان بە برینی موچەکەت!!

ئازیزانم، لە هەموو دونیادا هاوڵاتی حەز دەکات حزبەکان ململانێ و کێبڕکێ هەبێت لە نێوانیاندا، حەز دەکەن رێک نەبن (دیارە من باسی شەڕ و کوشتار ناکەم)، دەزانن بۆ؟ تاوەكو حیزبەکان ململانێ و کێبڕکێی زیاتریان لە نێواندا هەبێت، تاوەکو لە ترسی ئەو کێبڕکێیە زیاتر خزمەتی تۆی هاوڵاتی بکەن.

تۆیش هێندە دڵپاک و بێ ئاگایت لە گەمەی حزبە تەقلیدیەکان، حەز دەکەیت ئەوان رێک بن ، تاوەکو پارە و قوتی تۆ بخۆن و بەشی کەن لە نێوان خۆیاندا.

 

346 ‌خوێندراوە‌
9/1/2018 2:00:55 PM

زۆرترین خوێندراو