لەگەڵمانبە لە:

‎بەنی ئادەم ئەندامی جەستەی یەکترن

ئارام سەعید
زۆر نمونە لە جیھاندا زیندون و رۆژانە بەرچاومان دەکەون، راستیەکی حاشاھەڵنەگر ھەیە لە ھەرێمی کوردستاندا کە رێژەیەکی بەرزی خەڵک لە سیاسەت زویرە و نایەوێت توخنی کەوێت.رێژەیەکی تریش ئەوانەن کە بێئومێد بوون لەوەی گۆڕانکاری لە ھەرێمی کوردستادا بکرێت، ئەوانی کەش لە سیاسەتدان و بەشێکیان کە ئومێد و ھیوایان بەگۆڕین و لەسەرکارلابردنی پارتی و یەکێتی ھەیە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە نمونە ، ئەو رێژەیەی دەمێنێتەوە ئەوانەن بۆ دەسەڵاتی ھەردوو بنەماڵەکە کار دەکەن.

لە وڵاتانی پێشکەوتوشدا ژمارەیەکی   کەمی خەڵک بەشداری سیاسی دەکات، بەڵام ئەوکاتەی بڕیاڕێک دەدرێت کە لەبەرژەوەندی توێژێک یان ھاوڵاتیان نیە ئەوا ھەمووی ئامادەیە بێتە سەرشەقام و داوای مافی خۆیی و ئەوانی تر بکات.

بەکورتی و کوردی لە جیھاندا ھیچ تەجروبەیەک نابینین گۆڕانکاری گەورەی دروستکردبێت بەبێ بەشداری چالاکی خەڵک،واتە لەھەموو حاڵەتێکدا ھەر ھێزێک چەند ئیرادەی بەھێز بێت و خاوەنی پرەنسیپی گەورە بێت ھەر پێویستە بەشداری فراوانی ئەو توێژانە ھەبێت کە پێویستیان بە گۆڕانکاریە. ئەوەی ئەو تەوژمی بەشداریەی لاوازکردووە ئەوەیە ھێشتا لە ھوشیاری تاکی ئێمەدا چاوەڕوانیی ھەیە وئامادە نیە بۆ ماوەیەک دەستبەرداری بەرژەوەندی شەخسیی بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی، کە دواتریش بەقازانجی خودی تاک دەگەڕێتەوە، کە ئەمەش قوربانیدانی دەوێت.

ئەوکاتەی ھێلەک زەردەکان لە فەرەنسا ھاتنە سەرشەقام لەڕوویی شەخسیەوە وەک تاک سەیربکرێن زەرەرمەند بوون و قوربانیان دا بەڵام کە داواکاریەکانیان دێتەدی ئەوکات ھەموان سوودمەند دەبن.

ئەوەی لەچەند ساڵی رابردودا پارتی و یەکێتی چاندویانە بێ ئومێدیە کە زۆر زیانی گەیاندوە و ئەوەش یەکێکە لەو چەکە گەورانەی ئەوانی ھێشتۆتەوە.
لەمبارەیەوە لە چەند رۆژی رابردودا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نمونەیەکدا ژمارەی قوربانیانی ھاتوچۆ ی راگەیاند، کە ئەویش بەراوردێک بوو لە نێوان ئەو ژمارە ترسناکە و نەھێشتنی ئەو ھەموو ستەمە کە قوربانیدانی دەوێت.
چ سەرکردەیەک دەتوانێت بەتەنیا کاریگەری گەورە دروست بکات ئەگەر ئومێدەکانی ئەو ھاوڵاتیانی لەگەڵ نەبێت؟ بۆیە دەبێت  پارتی و یەکێتی لە دەسەڵات دووربخرێنەوە و گرنگە بێدەنگی تێکبشکێنرێت و چیتر لەسەر ھیچ جۆرێک لە مافخواردن سازش نەکرێت ھەر ئەم  جوڵەیەش کارکردنە بۆ گەیشتن بە ھیواو ئاواتەکان.

کێشەکە ئەوەنیە کە ھاوڵاتی نازانێ چی بکات بەڵکو ھەموان دەزانن چی بکەن ،بەڵام بۆ نایکەن؟ 

کاتێک کە سەیری دیمەنێک یان وێنەکەی دەکەین ئەگەر چاومان تەنھا گۆشەیەکی تاریکی بینی ئەوا دەبێت بێینە دواوە و سەیری کۆی دیمەنەکە بکەین، بۆ ئەوەی  خودی  دیمەنە گەورەکەمان لەیاد نەچێت ،بینینی تەنھا گۆشەیەکی تاریک ھەموو وێنەکەمان پێ نابەخشێت بەڵکو ئەو سەیرکردنە تەنھا دیوە تاریکەکەیە.

لێرەدا ”زووم ئاوت ” چاومان بگەڕێنینەوە دواوە بۆ بینینی کۆی دیمەنەکە تا تروسکایی گڵۆپەکەی نەوەی نوێ ببینین کە  لایەنە رۆشنەکەیەو بەرەو ئاوات ھەنگاو بنێین.

ئەوەی پشتگوێی دەخەین و ئێستا نایکەین دەبێت ھەر کاتێکی تر بێت بەدەستی خۆمان بیکەین، کەواتە بۆ ئێستا نەیکەین؟ دە ساڵی تریش بێت ئەبێت ھەرئەو کارە ئەنجام  بدەین.

ئەگەر چاوەروان بین لەدەرگا بدرێ و پێمان بڵێن ھەستە کارەکانی خۆت ئەنجام بدە ئەوکات دەبێت ھەردانیشین. ئەوکاتەی مامۆستایان لە میحنەتدا بوون و توێژەکانی تر نەچونە پاڵیان نەیانتوانی بە تەنھا سەرکەوتووبن، بۆ کەمئەندامان، کارمەندانی تەندروستیش ھەروایە، بۆیە دەبێت ھەموان پێکەوە بەردەوام لەگەڵ ئازارەکانی یەکتربین.

لێرەدا زۆر گرنگە ئەو بەیتەی سەعدی بەیاد بھێنینەوە کەدەڵێ:

بەنی ئادەم ھەموان جەستەی یەکترن

کە لە ئافەرینەوە لەیەک گەوھەرن

ئەگەر رۆژێک ئەندامێکی بە ئازار بکەوێت

ئەندامەکانی تر ئارامیان لێ ھەڵدەگیرێت 

ئەگەر تۆ لە دەردوبەڵای ئەوانی تر بێ غەمی

شایەنی ئەوەنیت پێت بوترێت ئادەمی
441 ‌خوێندراوە‌
2/13/2019 2:38:27 PM

زۆرترین خوێندراو