لەگەڵمانبە لە:

حکومەتی ئایندە خاڵێکی ڕەشی دیکەیە لە حکومڕانی پارتی و یەکێتی و شوێنکەوتوەکانیان

هەورامان سەجادى
پرسی چاکسازی وەک پێناسە گشتیەکەی " لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی دەکرێت" ھەر لە سەرەتای شاخیانەوە ئەم دوو ھێزە نەیانتوانی ببنە دوو ھێزی خاوەن مەبدەئی جەماوەری و بتوانن لانیکەم لەناو ئەندامەکانی خۆشیان ئەو ھەستە دروستبکەن کە ئەوان بۆ خزمەتی خەڵک دروستبوون، ھەرئەوەش پارتی و یەکێتی کردە دوو ھێز زیاتر وەک دوو گروپی چەتە بێنە بەرچاو تاوەکو شۆڕشگێڕ دواجار ڕوداوەکانی دوای دروستبوونیان مێژوویەکی پڕ لە شەرمەزاریان تۆمارکرد بۆ خۆیان و بۆ خەڵکی کوردستان.
دوای ڕاپەڕینی ٥ی ئازاری ١٩٩١ دەرفەتێک ھەبوو ئەم دوو ھێزە بتوانن دەرس لە ھەڵەکانی پێشتریان وەربگرن یان ئەو ھەموو زوڵم و زۆرەی ڕژێمەکەی سەدام وایان لێبکات حکومەتێکی نیشتمانی و مەدەنی دروستبکەن تا سەرجەم سێکتەرەکانی وەک دامەزراوەیی نیشتمانی بونیاد بنرێت، بۆئەمەش کۆمەڵێک پێشەنگی ئەم تێگەیشتنەیان دەکرد کە  نەوشیروان مستەفا ڕێبەری ئەو بیروباوەڕە بوو ناکرێت ئەو خەڵکانەی لەشاخ بوون لەشار ڕۆڵیان ھەبێت لەناو دامەزراوەکان، بەڵام ئەم بۆچوونە نەک پێشوازی لێنەکرا بەڵکو دژایەتیش کرا و بە پێچەوانەی ئەوەوە ھەموو دامەزراوەکان تەنران لەوکەسانەی کە تەنھا ئیمتیاز و تەسکییەی خەباتی شاخی بوو، تا لەیەکێک لەم دامەزراوە نیشتمانیانە بەرپرسیارەتی باڵا وەربگرێت. 
ھەرئەمەش زۆری نەبرد یەکێتی و پارتی لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٤ تا کۆتایی ١٩٩٨ شەڕی ناوخۆییان بەرھەمھێنا و مێژویەکی پڕ لە شەرمەزاری دیکەی ئەم دوو ھێزە چووە پاڵ مێژووە پڕلە خیانەتەکانی دیکەیان، بەڵام دیسان دوای ڕێککەوتنەوەی ئەم دوو ھێزە بە فشاری ئەمریکا و نێوەندگیری چەند وڵاتێکی دیکە دەرفەتێکی دیکەی لەبەردەست ئەم دوو ھێزە ھەبوو تا بتوانن ھەڵەکانیان قەرەبوو بکەنەوە، بتوانن بە ھەموو دامەزراوەکاندا بچنەوە و ئەو دوو زۆنەی بەرگی دووڕەنگیان پیاداکردبوو بیکەنە ڕەنگی خەڵک و لەژێر سایەی حکومەتی خۆماڵی کوردی خەڵکی لە ژیانێکی خۆشدابن، بەڵام دیسان یەکێتی و پارتی وەک پیشەی ھەمیشەییان ڕێککەوتن بۆ بەتاڵانبردنی داھاتی کوردستان و چەوساندنەوەی خەڵک و پڕۆسەی بەحزبیکردنی خەڵک کە من لە تاوانی ئەنفالی ڕژێمی بەعس بە خراپتری دەزانم  تا وای لێبت ھەموو دەرگاکان داخران و جگە لە دەرگای حزب نەبێت بۆ ئەوەی خەڵک بۆ بچوکترین مافەکانی لەدەرگای حزب بدات.
لەلایەکی دیکەوە لەساڵی ٢٠٠٩ دەرفەتێکی دیکە ھاتەپێش بۆ پارتی و یەکێتی بە دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێزی وەک گۆڕان، دەرفەتێکی زێڕین بوو تا بتوانن ئەو فشارانەی ئۆپۆزسیۆن بکەنە کارتێکی فشار بۆ ئەو کەسانەی خاوەنی نفوزێکی حزبی بوون و تاوانباربوون بەگەندەڵی تابتوانن ئەوانە دەستیان لەو گەندەڵیەکان ببڕن، بەڵام دیسانەوە نەیانتوانی ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە چوونەوە سەر پیشە ھەمیشەیەکەیان، کە بەردەوامی دانبوو بە بەتاڵانبردنی سەرمایەی وڵات و تیرۆرکردنی دەیان ڕۆژنامەنوس و چالاکوان و خۆپیشاندەر، بۆیە دەبێت ئێمە بزانین لە ڕووی چاکسازییەوە ئەم دوو ھێزە خۆریان ئاوابوە و تروسکایەک لە ئومێدیان تیانەماوە تابیکەن.
پرسیارەکە ئەوەیە، دواجار بۆ ئەبێت یەکێتی و پارتی چاکسازی بکەن ئەوان ئەوەندەی بیر لە تەزویر و نائومێدکردنی خەڵک دەکەنەوە، ئەوەندە خەمی بەدەستھێنانی متمانەی خەڵکیان نییە، ئەوان باوەڕیان وایە دواجار ساختەکاری فریادڕەسیانە بۆمانەوە نەک خەڵک!

444 ‌خوێندراوە‌
12/7/2018 9:54:10 PM