لەگەڵمانبە لە:

راگەیاندراوەکان

راگەیاندراوێك لە جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"وە

1/11/2019 8:31:01 PM

  • جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"، ئیدانەی دەستگیركردنی خاتوو "تارا حسێن" وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی كوردستان و نزیكەی 50 كەسی دیكە دەكات، كە ئەمڕۆ لە سەكۆی ئازادیی شاری سلێمانی و لەلایەن ئاسایشی ئەم شارەوە دەستگیركراون.

    دەستگیركردنی وتەبێژی هێزێكی سیاسیی و نزیكەی 50 كەسی دیكە، لە شوێنێكدا كە پێیدەوترێت "سەكۆی ئازادیی" و هەروەها لەناو شارێكدا كە پێیدەوترێت "پایتەختی رۆشنبیریی"، هەڕەشەیەكی مەترسیدارە كە بەرامبەر بە سادەترین بنەمای ئازادیی سیاسیی و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دا دەكرێت و درێژكراوەی ئەو روداوانەی چەند رۆژی رابردویشە، كە ئاسایشی ئەم شارە، درێژەی بە هەمان هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی بڵاوكردنەوە و ئازادیی كاری سیاسیی داوە و بەشێكی قەزا و ناحیەكانی ئەم پارێزگایەشی گرتوەتەوە، كە خۆی دەیبینێتەوە لە داخستنی چەندین بارەگای فەرمیی "تەڤگەری ئازادیی" و هەروەها رێگریكردن لە پەخشكردنی فیلمێك، كە مۆڵەتی پەخشكردنیشی هەیە  لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان-ەوە.

    جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"، داوادەكات بەزوترین كات وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی و كۆی ئەو كەسانەش ئازادبكرێن، كە ئەمڕۆ لە لایەن ئاسایشی سلێمانی یەوە و لە پڕۆسەیەكی رەشبگیریی دا و بێ‌ بونی بڕیاری یاسایی دادوەر، دەستگیركراون.

    ئەم كارەی ئەمڕۆی ئاسایشی سلێمانی، دژی سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی سیاسیی و ئازادیی رادەیربڕینە لە هەرێمی كوردستان دا.

    "نەوەی نوێ‌"، پشتگیریی لە هەر دەنگێكی ئازاد و هەر چالاكییەكی سیاسیی دەكات، كە لەپێناو خزمەتكردندا بێت بە مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەكان و جێگیركردنی پایەكانی دیموكراسیی لە هەرێمی كوردستان و دژی هەر هەوڵێكیشە، كە ئەم ئازادییانە لەباربەرێت و بۆ ئەم مەبەستەیش، فراكسیۆنەكانی لە پارلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عیراق، بەدواداچون بۆ ئەم هەڕەشانە دەكەن.

    جوڵانەوە "نەوەی نوێ‌"
    11/ 1/ 2019

زۆرترین خوێندراو