لەگەڵمانبە لە:

راگەیاندراوەکان

راگەیەندراوێک لەجوڵانەوەى نەوەى نوێ وە

8/28/2019 11:44:21 PM

  • ئۆفیسی یاسایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە پێویستی زانی چەند خاڵێک رونبکاتەوە تایبەت بەو فەرمانی دەستگیرکردنانەی کە بۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرکراون لە ماوەی رابڕدوودا، هەروەها بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی بە سیفەتی تەمیزی لە بەرواری ٢٠١٩/٨/٢٥ بە هەڵواشندنەوەی فەرمانی گرتن کە تایبەت بوو بە یەکێک لە پرۆژە بازرگانیەکانی ساڵی ٢٠١١:

    ١-سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێش ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ دا بێتە ناو کاری سیاسییەوە، پێشتر و بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ سەرقاڵی کاری بازرگانیی و بزنس بووە، هەروەها ماوەی ١٠ ساڵ (واتە لە ساڵی ٢٠٠٧ وە) گروپی کۆمپانیای نالیا و چاڤیی هەبووە، تا ساڵی ٢٠١٧ کە دەستبەرداری بەرێوەبردن و خاوەندارێتیی کۆمپانیا بازرگانییەکان بوو لە مانگی ١٠ ی سالی ٢٠١٧دا.
    ٢- لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەی شاسوار عەبدولواحید کۆمپانیا بازرگانیەکان و پرۆژە وەبەرهینانەکانی هەبووە (٢٠٠٧ تا ٢٠١٧) بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ کاتێکدا هیچ فەرمانێکی گرتنی بۆ دەرنەکراوە لە ژێر هیچ ناونیشان و بیانویەکدا، نە بە تۆمەتی "هەڵخەڵەتاندن" نە "کاری تری نا یاسایی"، هیچ دادگایەکی هەرێمی کوردستان حوکمی ناوبراوی نەداوە و بە پێچەوانەوە، چەند جارێک لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لەسەر مەسەلەی پرۆژەیەکی بازرگانیی بە ناوی (چاڤیلاند) بێتاوانیی ئەو دەرچوە و دادگا دۆسیەکانی هەموو داخستوە (چ لە دادگای مەدەنیی و چ لە دادگای سزایی).
    ٣-بەڵام لە دوای ئەوەی ناوبراو هاتۆتە نێو ژیانی سیاسییەوە تا ئەمڕۆ (واتە لە ماوەی ساڵ و نیوی رابڕدوودا) پێنج جار فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە بەم تۆمەت و بەروارانە:
    - مانگی ١٢ ی ٢٠١٧ - فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵات و خۆپیشاندان (کە ماوەی (٩) رۆژ زیندانیی کرا).
    - مانگی ٣ ی ٢٠١٩ - فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو بە تۆمەتی بێرێزیی بەرامبەر کارمەندێکی کۆمپانیایەکی هێڵی ئاسمانی(کە کارمەندی گروپی کۆمپانیاکانی نۆکانی سەر بە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە)، و بەو هۆیەوە (١) رۆژ زیندانی کرا.
    - مانگی ٥ ی سالی ٢٠١٩ - فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و ماوەی (١٤) رۆژ لە زینداندا بوو.
    - مانگی ٧ ی ٢٠١٩ فەرمانێکی تری گرتنی بۆ دەرچوو بە تۆمەتی "فێڵکردن" لەسەر دۆسیەی پشکەکانی چاڤیلاند، لە کاتێکدا پێشتر لە هەمان دادگا دۆسیەکە داخراوە و یەکلابۆتەوە کە هەموو کارەکان یاسایی بوون و بەپێی یاسا کۆمپانیاکە بووە بە کۆمپانیایەکی پشکدار و خودی "شاسوار عەبدولواحید" هیچ پارەیەکی لە هاوڵاتییان وەرنەگرتوە و ناوبراویش وەک خەڵکی تر خاوەن پشکە، جگە لە دادگای سزایی کە دۆسیەکەی داخستوە، چەند دۆسیەیەکی تریش لە دادگای بەرایی بە هەمان شێوە داخراوە لە ساڵەکانی (٢٠١٥ و ٢٠١٦).
    - ئیستاش دوایین جار فەرمانێکی نوێی گرتن بۆ ناوبراو دەرکراوە لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە، بە تۆمەتی هاندان بۆ سوتانی بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامیی ساڵی ٢٠١٥، لە کاتێکدا ئەوسا ناوبراو نە پارتی سیاسیی هەبووە و نە هیچ بەرژەوەندییەکی هەبووە و تەنانەت خودی یەکگرتووی ئیسلامیی لەبەردەم دادوەردا ڕایان گەیاندوە هیچ جۆرە سکاڵایەکیان نییە لەسەر "شاسوار عەبدولواحید"، بەڵام دادوەری هەڵەبجە فەرمانی گرتنی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکردووە!
    ٤- بە پێویستی دەزانین بۆ هەموو لایەکی رونبکەینەوە چوار فەرمانی گرتنیان لە نێوان ٢٠١٩/٣/٣ تا ٢٠١٩/٧/٢٤ بووە (واتە لە نێوان کەمتر لە ٥ مانگ) کە پێمان وایە ئەمە هاوتایە لەگەل بەرەوپێشچوونی جوڵانەوەکە و گۆڕینی شێوازی کاری حیزبایەتیی لە هەرێمی کوردستان، لە شێوازی تەقلیدیی و باوەوە بۆ شێوازی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و گرنگیدان بە گەنجان و ژنان، و هاوتایە لەگەڵ خۆڕاگریی جوڵانەوەکە و مانەوەی وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنیی و ملنەدانی بۆ دەسەڵات و تەسلیم نەبوون بەویست و حەزی دوو پارتی دەسەڵاتدار.
    هەموو ئەمانە هاوکاتبون لەگەڵ دەستوەردانی دوو پارتی دەسەڵاتدار لە ناوخۆی حیزبەکە و هەروەها هەرەشەکردن لە چەند پەرلەمانتارێک و پێدانی بەرژەوەندیی و ئیمتیازات بە چەد کەسێکی تر. هەروەها هەوڵدانیان بۆ نەهێشتن یان لاوازکردنی جوڵانەوەکە و دوکەرتکردنی.
    ٥- بۆ هەموو لایەکی ڕوندەکەینەوە سەرۆکی جوڵانەوەکە هەمیشە رێزی لە دادگا و یاسا گرتووە و تاکە سەرۆک حیزبە بەپێی خۆی چۆتە دادگا و تەنانەت زیندانیش کراوە، بەڵام ئەمانە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بەو شێوە زەقە دادگا بەکار بهێنن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و دەرکردنی چەندین فەرمانی گرتن بۆ سەرۆک حیزبێکی سیاسیی تەنها لە ماوەی ٤ مانگدا!
    ٦-ئێمە پێمانسەیرە ناوبراو لە ماوەی ١٠ ساڵی کارکردنی لە کۆمپانیاکان و کاری بزنس، هیچ فەرمانێکی گرتنی نەبووە، کەچی تەنها لە پێنج مانگی رابردوودا 'چوار'جار فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوە!! بەڕای ئێمە ئەمە بریارێکی سیاسییە و هیچ پەیوەندیی بە یاسا و دادگای راستەقینەوە نییە.
    ٧- ئەمڕۆ دادگای تاوانەکان لە شاری سلێمانیی بە سیفەتی تەمیزیی، بریاری فەرمانی گرتنی "شاسوار عەبدولواحید"ی هەڵوەشاندەوە کە لە ٢٠١٩/٧/٢٤ دەرچوبوو بە تۆمەتی "هەڵخەڵەتاندن" لەسەر دۆسیەی پشکەکانی چاڤیلاند کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١١، وە دادگا بریاری داوە کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر ناوبراو نیە و پێشتر هەمان دۆسیە بە هەمان تۆمەت لە هەمان دادگا داخراوە و ناکرێت کەسێک دوو جار لەسەر هەمان تۆمەت دادگایی بکرێتەوە.
    لە کۆتاییدا دەمانەوێت بە هەموو لایەکی رابگەێنین جولانەوەی نەوەی نوێ وەک هێزێکی خۆڕاگری مەدەنیی دەمێنێتەوە، کە گرنگی دەدات بە بەهێزکردنی ئابووری هەرێم لە رێی بەرقەراربوونی ئاشتیی و ئیستیقراری سیاسیی، و هەروەها بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی بە تایبەت گرنگیدان بە دوو توێژی فەرامۆشکراو کە ئەوانیش 'گەنجان' و 'ژنان'ن، لە پاڵ کارەکانی تریدا، جوڵانەوەکە پێیوایە کاری سیاسیی پشودرێژیی و خۆڕاگریی دەوێت.
    لێرەوە هەمومان چ وەک سەرکردایەتیی جوڵانەوەکە و چ وەک پشتیوانانی جوڵانەوەکە، بەردەوام دەبین لە کاری خۆمان و خەباتی مەدەنیی و پارلەمانیی.
    بەڵام لە هەمانکاتیشدا داوامان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و قونسولیەتەکان و نێردە نێودەوڵەتییەکان هەیە لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر فشار بکەن لە دەسەڵات، بە مەبەستی رێزگرتنی رای جیاواز و میدیای ئازاد و فرەڕەنگیی و فرەحیزبیی سیاسیی لە هەرێم، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ئاشتیی و ئیستیقراری سیاسیی هەیە تا ببێتە جێگایەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکیی و بەرەوپێشچوونی ئابووریی، هەروەها هەرێمی کوردستان پێویستیەتی ئەم ئەزموونە سیاسییە بپارێزێت و کارێک نەکات ببێتە هۆی بێهیوا کردنی هاوڵاتییان، بەلکو پێویستە گرنگیی بدرێت بە خەباتی مەدەنیی و پەرلەمانیی و سیاسیی.
    ئەگەر وا نەکەین، ئەگەر دەسەڵاتی کوردیی هیچ تروسکاییەک نەهێڵێتەوە بۆ کار وخەباتی مەدەنیی و فرەحیزبیی لە هەرێم، ئەگەر هەر حیزبێکی سیاسی نوێ دروست ببێت و سەرکردەکانی بخاتە زیندان و تۆمەتیان بۆ دروست بکات، ئەمە بە مانای دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی خەباتی مەدەنیی دێت و برەودان دەبێت بۆ توندوتیژیی، دۆخی هەرێم هاندانی خەباتی مەدەنیی دەوێت، نەک کپکردنەوەی دەنگە نارازییەکان ونەهێشتنی فرەڕەنگیی.
    ئۆفیسی یاسایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە هاوکاری ئۆفیسی میدیایی.
    ٢٠١٩/٨/٢٥


زۆرترین خوێندراو