لەگەڵمانبە لە:

هەواڵ

نەوەى نوێ یەکەمین کۆنگرەى گشتیى ئەنجامداو سەرۆک و ئەنجومەنى باڵاى هەڵبژارد

10/5/2019 11:01:57 PM

  • سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 5/10/2019 جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە شاری سلیمانی یەکەمین کۆنگرەی گشتی ئەنجامدا و، شاسوار عبدولواحید، لە کۆی ٢٧٧ دەنگ، بە ٢٧٤ دەنگ بەسەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ھەڵبژێردرایەوە.

    سەرۆکی ھەڵبژێردراوی جوڵانەوەکە لە وتەیەکیدا سوپاسی ئەو ئەندام و لایەنگرانەی جوڵانەوەکەی کرد کە ھاوکار و پشتیوانی جوڵانەوەکەیان کردووە وئامانجیان خزمەتکردن بووە بە وڵات.
    وتی، ھەرکەس دەیەوێت ژیان لە کوردستان بەرەو پێش بچێت پێویستە پشوو درێژ و کۆڵنەدەر بێت.
    ھەروەھا ڕاشیگەیاند "ھەوڵدەدرێت ئێمە تەسلیمی پارە و پۆست بین بۆ ئەوەی خەڵک بێ ھیوا بێت، بەڵام ئێمە بەردەوامین و کۆڵنادەین، چونکە ئامانجمان خزمەتی گەل و نیشتیمانە نەک وەرگرتنی پلەو پۆست ".
    شاسوار عەبدولواحید وتیشی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ ململانێی سیاسی لەگەڵ دوو حزب دەکات کە یەکێکیان ٧٣ ساڵە حیزبە و یەکێکیان ٤٤ ساڵە حیزبە".
    لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیشەوە، ناوبراو وتی، "ئەو گەندەڵی و ناعەدالەتیەی ئێستا خەڵکی بەغداو شارەکانی تری عێراقی ھێناوەتە سەرشەقام، لە ھەرێمی کوردستانیش ھەیەو زیاتریشە، لایەنی کەم لەوێ مووچە دەدرێت، لە کوردستان مووچە پاشەکەوت کراوە".
    راشیگەیاند "ھەروەھا کەرکوکیش زەرەرمەندی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ھەرێمە، بۆیە ئەگەر حکومەتی ھەرێم چاکسازیی ڕاستەقینە نەکات کە دڵنیاین ناشیکات ئەوە ڕەنگە دۆخەکە لە دەست دەرچێت و لە قازانجی ھیچ لایەک نەبیت."
    شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکرد "ئەگەر حکومەت دەیەوێت حەکیمانە مامەڵە بکات ئەوا دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە, لەبەر ئەوەی ئەم حکومەتەی ئێستا لە ئاست داواکارییەکانی خەڵکدا نیە ونوێنەری خەڵک نیە بەو پێیەی دەنگی %٣٠ خەڵکی ھەرێمی کوردستانی بەدەست ھێناوە".
    دەشڵێت، "ئێمە لە نەوەی نوێ مێژووی گۆڕانکاری ڕاستەقینە تۆماردەکەین و نەیارانمان لە سەرە مەرگدان".
    جوڵانەوەی نەوەی نوێ، جوڵانەوەیەکی جەماوەری مەدەنیە و لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە، توانی لەیەکەم بەشداریکردنیدا لە ھەڵبژاردنەکاندا ٨ کورسی لە پەرلەمانی کوردستان و ٤ کورسی لە پەرلەمانی عێراق بە دەست بھێنیت.














زۆرترین خوێندراو