لەگەڵمانبە لە:

راگەیاندراوەکان

نەوەی نوێ داوادەکات لەبری هەڵوێستی میدیایی، سنوورەکان بکرێنەوە و ئازوقە بۆ خەڵکی رۆژئاوا بنێردرێ

10/11/2019 2:24:01 PM

  • دەربارەی ئەو هێرشانەی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە، ئێمە وەک نەوەی نوێ ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین و بە دەستدرێژیی و هەڕەشەیەکی مەترسییداری دەزانین بۆ ئاڵۆزکردنی زیاتری ڕەوشی ناوچەکەو ئاسایشی جیهانیی.

    لەئێستادا ئەم هێرشانە، ناوچەکە، هەروەها ئەزموونی رۆژئاوا و تەنانەت هەرێمی کوردستانی عێراقیشی خستۆتە بەردەم دوڕیانێکی مەترسییدارەوە، ئەگەر بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت ئەوە دەرچوون لێی ئەستەم دەبێت.
    وەک نەوەی نوێ، روومان لە حکومەت و پارلەمانی کوردستانە، بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتە نوێیەدا بکات و هەڵوێستی روون و ئاشکرایان هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە و دەستبەجێ هاوکارییکردن و پشتییوانیی و هەنگاوی کردەیی پێشکەش بکەن، لە دابینکردنی ئازوقەوە تا کردنەوەی سنوورەکان بەڕووی خەڵکی رۆژئاوادا.
    هەروەک پێویستە لەبری درووشم و هەڵوێستی لاستیکیی دەستبەجێ و راستەوخۆ رۆڵی کاریگەر و ئاشکرایان هەبێت.
    هەروەها بەپێویستی دەزانین هێز و لایەنە سیاسییەکان دور لە بەرژەوەندیی و کێشە و ململانێی بچووکی حزبایەتیی، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدەن بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێکی نیشتیمانیانەی بوێرانە و راشکاو لەسەر ئەم لەشکرێکیشیانە کە چوونەتە قۆناغێکی ئێجگار ترسناکەوە، ئەمەش بۆ دەربازبوون لەو مەترسییانەی رووبەرووی ناوچەکە بەگشتیی و رۆژئاوا بەتایبەت بۆتەوە و دەرئەنجامی ئەو مەترسیانەش لە ئایندەدا بەشێوەیەکی کۆنترۆڵنەکراوتر دێنەپێش.
    جوڵانەوەی نەوەی نوێ 
    ٢٠١٩/١٠/١٠


زۆرترین خوێندراو