لەگەڵمانبە لە:

هەواڵ

بۆ/ دوو پارتی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان

11/26/2019 10:39:26 PM

  • پارتەحوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی بەرپرسیارێتیی بەڕێوبردنی حکومەتی هەرێمیان لەئەستۆدایە، بە تایبەت پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لەم کاتەدا کە عێراق دۆخێکی نوێی بەسەردا هاتووە و خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ڕۆژانە چەندیین کەس دەبنە قوربانیی، بەڵام هێشتا هاوڵاتییان سوورن لەسەر درێژەپێدانی خۆپیشاندان تا ئەوکاتەی داواکانیان بۆ جێبەجێدەکەن و سێ سەرۆکایەتییەکە هەڵدەوەشێتەوە.

    لەبەر ئەم هۆکارانە خەڵک ڕژاونەتە سەرشەقامەکان و داوای ئەم مافە سەرەتایی و ڕەوایانەی خۆیان دەکەن، کە بێگومان بە ڕای جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەموو ئەو کێشانە لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە. سەرباری دواکەوتنی موچە و بوونی پاشەکەوتی موچە کە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا بوونیان نییە.
    ئێمە داواکارین دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک چاودێر تەماشای دۆخەکە نەکەن، چونکە وەک باسمان کرد بەشێکی زۆری ئەو هۆکارانە لەکوردستانیشدا بوونیان هەیە و ئەگەر چارەسەری ریشەیی نەدۆزرێتەوە ئەوە بە دڵنیاییەوە پریشکی ئەو ڕوداوانە بۆهەرێمی کوردستانیش دەگوازرێنەوە.
    لەم سۆنگەیەوە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەم دۆخەی عێراقدا مامەڵە بکەن و لە هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک هەنگاوی جدی بنێن بۆچارەسەری چەند قەیرانێکی قوڵ، بە پێچەوانەوە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە هەموو لایەکی رادەگەیەنێت ئەوەی لەسەرمان بووە بۆ پاراستنی وڵات و ئاوڕدانەوە لە هاوڵاتییان و خزمەتکردنیان، ئەوە هەوڵمان بۆداوە، خۆ ئەگەر ئەم داواکارییانەی خوارەوە جێبەجێ نەکرێن و حکومەت کاری جدی نەکات لەژێر چاودێریی ئۆپۆزسیۆندا، ئەوە لە داهاتوودا دڵنیابن هاوڵاتییان خۆیان هەڵوێست وەردەگرن و تا سەر دۆخی کوردستان وا بەبێدەنگیی نامێنێتەوە و خەڵک بێدەنگ نابێت لە داواکردنی مافی خۆی.
    هەروەها رایدەگەیەنین ئەو کاتەی پریشکی روداوەکانی بەغداد دەگەنە هەرێمی کوردستان ئەوە جوڵانەوەکەمان هەڵوێستی تری دەبێت و لەپاڵ خەڵکدا دەبێت و ڕەنگە ئیتر قسەکردن و باسکردنی چارەسەر سودی نەبێت.
    ئێستا فرسەتە و جوڵانەوەکەمان وەک نیازپاکیی و وەک هەنگاوێکی نیشتیمانییانە پێش هەر ڕوداوێکی نەخوازراو، ئەم نامە فەرمییە ئاراستەی بەرپرسان و سەرکردایەتیی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم دەکات، ئەوەی لەسەرمان بووە کردومانە و سبەی هەرچی رووبدات ئەوە بێگومان ئێوە لێی بەرپرسن، ئەوسا ئاگەدارکراو هیچ پاساوێکی نامێنێت.
    ئەو هەنگاوانەی پێویستن دەستبەجێ لە ئێستادا جێبەجێ بکرێن:
    ١- بەشەفافیی مامەڵەبکرێت لەگەڵ دەستکەوتی نەوت وگاز و سەرچاوەکانی تری دارایی، لیژنەی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات درووست بکرێت و دەستبەجێ داهات و بڕی هەناردەی راستەقینەی نەوت و خاڵە سنووریەکان و داهاتی ناوخۆ بخرێتە بەردەستی ئەو لیژنەیە و ئاشکرا بکرێت.
    ٢- چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو هەموو ڕێژەی بێکارییە بدۆزرێتەوە کە ئێستا لەنێو گەنجاندا هەیە و جگە لە گرنگییدانی کەرتی گشتیی بەم بابەتە، ئەوە کەرتی تایبەت بە رۆڵی خۆی هەستێت و دەستی دوو حیزبی دەسەڵاتداری لێ دوربخرێتەوە.
    ٣-دانانی کاتێکی دیاریکراو بۆ گێڕانەوەی موچەی پاشەکەوتکراو، هەروەها دانانی ئالیەت و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو بابەتە.
    ٤- چارەسەرکردنی قەیرانی فەرمانبەری بندیوار و گێڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ بواری خزمەتگوزاریی و ئاوەدانیی شار، قەزا، ناحیە و گوندەکان بە یەکسانیی بۆ هەموویان، نەک تەنها بۆ شارە گەورەکان.
    ٥- حکومەت بە پشت بەستن بە داواکاریی و پێشنیارەکانی نەوەی نوێ و هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن، پرۆژەیەکی گەشەپێدانی هەمەلایەن ڕابگەیەنێت و لەم ڕێگەیەوە ئاستی گەشەو بژێوی هاوڵاتییان بەرزبکرێتەوە.
    ٦- دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بگەڕێندرێتەوە.
    ٧-هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەک بخرێتەوە، هێزێکی نیشتیمانیی کوردستانیی دابمەزرێندرێت و دامەزراوە ئەمنییەکانیەکانی تریش یەکبخرێنەوە و دەستبەجێ جێگۆڕکێ بە کەسی یەکەمی دامەزراوە ئەمنیەکانی شارەکان بکرێت. بە جۆرێک بەرێوبەری دەزگە ئەمنیەکانی سنوری سلێمانیی بگوازرێنەوە بۆ هەولێر و دهۆک و بە پێچەوانەشەوە.
    ٨-گرنگیەکی باش بدرێت بەکەرتەکانی پەروەردە و تەندروستیی، هەروەها باشکردنی ڕێگەوبانەکان وبودجەی پێویستیان بۆ دیاری بکرێت.
    ٩- پرۆژەیەکی باش و جدی، لەگەڵ خشتەی کات و پلانی راستەقینە بخرێتە ڕوو بۆ چارەسەری کێشەی کەم ئاویی و بێکارەبایی و کێشە خزمەتگوزارەییە پێویستەکان.
    ئەنجومەنی سیاسیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
     ٢٠١٩/١١/٣


زۆرترین خوێندراو