لەگەڵمانبە لە:

هەواڵ

زیاتر لە مانگێکە دادگای ئاسایش لەسەر کەیسی نەوەی نوێ وەڵامی نوسراوێکی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ناداتەوە

11/26/2019 10:47:52 PM

  • سەرۆکایەتى دادگاى پێداچوونەوەى هەرێم لەهەولێر، داوا لەدادگاى ئاسایش دەکات کە دۆسیەى تایبەت بەجوڵانەوەى نەوەى نوێ رەوانەى دادگاکەیان بکەن، بەڵام تائێستا دادگاى ئاسایش وەڵامى نەداوەتەوە.

    بەپێى نووسراوێک کە ژمارە 1186ى رۆژى 7/10/2019ى بەسەرەوەیە، دادگاى پێداچوونەوەى هەرێم داواى لە دادگاى ئاسایش کردووە کە گشت بەراییەکانى بڕیاری تەمیزی ژمارە ٧٧٩/ب.ت/٢٠١٩ بنێرن بۆ دادگاکەیان، بەڵام دواى تێپەڕبوونى زیاتر لەمانگێک بەسەر ئەو داوایەدا، تائێستا دادگاى ئاسایش دۆسیەکەى رەوانەى دادگاى پێداچوونەوەى هەرێم نەکردووە.
    بەبڕواى شارەزایانى یاسایى نەناردنى دۆسیەکە بۆ دادگاى پێداچوونەوە، وێڕاى مانگێک تێپەڕبوون بەسەر داواکردنیدا، جگە لەوەى کارێکى نایاساییە، هاوکات حساب نەکردنى دادگاکانیشە بۆ یەکتر، چونکە دادگاى پێداچوونەوەى هەرێم، دادگایەکى باڵاترە و پێویستە ئەو نووسراوانەى رەوانەى هەر دادگایەکى ترى دەکات، بەزووترین کات وەڵام بدرێتەوە.
    لەمانگى ئایارى ئەمساڵدا، بەبیانووى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن، چەند خۆبەخشێکى نەوەى نوێ لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکران، پاشان لەسەر هەمان بابەت، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێش دەستگیرکراو پاش کاردانەوە ناوخۆیى و دەرەکیەکان، سەرۆکى جوڵانەوەکە و خۆبەخشەکان بەکەفالەت ئازادکران.
    ئەمەش دووەمجارە کە دادگایەکى باڵاتر لەدادگاى ئاسایش داواى ئەو دۆسیەیەى نەوەى نوێ لەدادگاى ئاسایش دەکات بەڵام دادگاى ئاسایش وەڵامیان ناداتەوە.


زۆرترین خوێندراو