لەگەڵمانبە لە:

هەواڵ

فراکسیۆنی نەوەی نوێ، راگەیەنراوێکی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە بڵاوکردەوە

3/26/2020 5:39:32 PM

  • فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "لەکاتێکدا بەغداد موچەی فەرمانبەرانی ناردوە، بەڵام حکومەتی هەرێم موچە دابەش ناکات".


    لە ڕاگەیانراوەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێدا هاتووە بەمەبەستی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا و رێگری لە بڵاوبونەوەی ئەو پەتایە، لە ئێستادا زۆرینەی خەڵک و فەرمانبەران لە ماڵەکانیاندا ماونەتەوە و پابەندی رێنماییەکانن. بەڵام بەداخەوە ئەم پرۆسەی کەرەنتینەکردنی گشتیە بووەتە ھۆی وەستانی ئیش و کار و کەسابەتی خەڵک و داھاتی ھاوڵاتیان سفرە و گوزەرانی خەڵک رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبێت. ھاوکات حکومەت نزیکەی ٥٠ رۆژە مووچەی دابەش نەکردووە و فەرمانبەران و خانەنشینانیش گوزەرانیان تەواو خراپ بووە.

    هەروەها لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا، فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت بەغداد موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی ١٢ ناردوە، بەڵام حکومەت تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەکی نەبووە بۆ چارەسەرکردنی خراپی دۆخ و گوزەرانی خەڵک. لەبەر ئەوە ئێستا خەڵک چاوی لەسەر پەرلەمانە و چاوەرێی ھەلوێستی بەرپرسانەیان لێدەکات و پێویستە پەرلەمان بە ڕۆڵی خۆی ھەستێت.

    لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا، فراکسیۆنی نەوەی نوێ، داوا دەکات پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی بەپەلە ئەنجام بدات و حکومەت پابەند بکات بە کۆمەڵێک خاڵەوە:

    ١) دەستبەجێ دابەشکردنی موچەی مانگی ١٢ی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە و ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەیەکی دیکە لەکاتی خۆیدا و بەبێ دواکەوتن.

    ۲) دابینکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد (ڤێنتیلەیتەر) بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان لە سەرجەم شارەکان، بەتایبەت سەنتەرەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنا.

    ۳) هاوکاریکردنی فەرمانبەر و کرێکارانی کەرتی تایبەت کە لەئێستادا ئیش و کەسابەتیان وەستاوە و ھیچ سەرچاوەیەکی داھاتیان نیە.

    ٥) ھاوکاریکردنی سەرجەم ئەو خێزانە ھەژار و کەم دەرامەتانەی کە بەھۆی ئەم دۆخەوە گوزەرانیان لە مەترسیدایە.

    ٥) خۆشبون لە کرێی ئاو و کارەبای ٣ مانگی ھەموو ھاوڵاتیان و کاسبکاران.

    ٦) خۆشبون لە باج و زەریبەی ئەمساڵی خاوەن موڵکەکان بەمەبەستی ھاوکاریکردنی کرێنشینان و خۆشبون لە پارەی دوو مانگی کرێکانیان لەلایەن خاوەن موڵکەکانەوە.

    ٦) توندوتۆڵ کردنی سەرجەم خاڵە سنوریە فەرمی و نافەرمیەکان بەمەبەستی رێگریکردن لە مەترسی ھاتنەناوەوەی کەسانی نەخۆش و ھەڵکری ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆناو ھەریم بەشێوەی نافەرمی.

    ٧) رۆژانە ژمارەیەکی زیاتر پشکنین بۆ ھاوڵاتیان و گومانلێکراوان ئەنجام بدرێت بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو کەسانەی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و جیاکردنەوەیان و چارەسەرکردنیان، بۆئەوەی رێگری بکرێت لە زیاتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە.