لەگەڵمانبە لە:

پڕۆفایل

شاسوار عەبدولواحید قادر
شاسوارعەبدولواحید قادر لەساڵی ١٩٧٩ لەگەڕەکی تووی مەلیکی شاری سلێمانی لەدایکبووە. کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە. خێزانی پێکهیناوەو خاوەنی سێ منداڵە. 
شاسوار عەبدولواحید هەر لەتەمەنی منداڵییەوە کاریگەری باوکی لەسەری هەبووەو لە ساڵانی هەشتاکان باوکی لەگەڵ خۆی بردوویەتی بۆ کارکردن و لە کەبابخانەکی باوکی دا کاری کردووەو لەو تەمەنە منداڵییەدا جێ دەستی لە دوکانەکی باوکی دا دیاربووە. 
شاسوار خۆی لەوبارەیەوە دەڵێت “پێش چوونم بۆ یەکی سەرەتایی لە تەمەنی شەش ساڵیدا باوکم کاتژمێر سێ یان چواری شەو بردوومی بۆ دوکان و لە کەبابخانەکەی باوکم ئیشم کردووە. تا تەمەنی ١٠ بۆ ١١ ساڵی لە سەر کورەی نانەواکە دەخەوتم. لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە ئیتر چواری بەیانی دەچووم سەوزە و تەماتەم دەکڕی و لە دوکاندا لە چواری بەیانی تا دووی نیوەڕۆ کارم دەکرد.”   
شاسوارعەبدولواحید قادر  دامەزرێنەری گروپی کۆمپانیاکانى نالیا یە کە بریتین لە کۆمپانیای نالیا بۆ وەبەرهێنانی خانوبەرە کە پرۆژەکانى (گوندی ئەڵمانی ١و٢و٣، نالی سیتی، کوردستی ١و ٢)ی دروستکرووە، کۆمپانیای نالیای میدیایی کە دوو کەناڵی ئاسمانى (ئێن ئاڕ تی یەک – ئێن ئاڕ تی دوو ) و دوو رادیۆ و کۆمپانیایەکی بەرهەمێنانی میدیایی و شەش وێبسایت لەخۆدەگرێت، هەروەها کۆمپانیای چاڤی گەشتیاری. سەرمایەی سەرجەم پرۆژەکانیشی دەگاتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار.


هەوڵی تیرۆرکردن
لەڕۆژی (٢٦-١٠-٢٠١٣)  لەنزیک پرۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند لە شاری سلێمانی چەند چەکدارێک کە ئوتومبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیویان پێ بووە تەقەیان لە شاسوار عەبدولواحید کرد بە هەوڵی تیرۆرکردنی، لەو هەوڵەدا شاسوار فیشەکێک بەر قاچی ڕاستی کەوت و بە سەختی برینداربوو و چەند نەشتەرگەرییەکی لە دەرەوەو ناوەوەی وڵات بۆ ئەنجامدرا. لەسەر هەوڵی تیرۆرکردنەوەی شاسوار عەبدولواحید داوای یاسایی لەسەر دەزگا ئەمنییەکانى سلێمانى تۆمارکرد، بەڵام لەسەر ئەو ڕووداوە هیچ کەسێک دەستگیرنەکرا و کەسیش سزانەدرا. هەوڵی تیرۆکردنی شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خاوەندارێتی کەناڵەکانى ئێن ئاڕ تی دەکرد و پێشتریش چەندین جار هەڕەشەی لێکراوە لەسەر ئێن ئاڕ تی، چونکە تاکە کەناڵی ئەهلی بێ لایەنە لە هەرێمی کوردستان.


هێرشەکانی سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی 
لە ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ دا و پاش دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە شاری سلێمانى وئاڵۆزبوونی دۆخەکە، لەوکاتەدا هیچ کەناڵێک ڕووداوەکانى ئەو ڕۆژەی نەدەگواستەوە، هەر بۆیە ئێن ئاڕ تی لەو ڕۆژەدا دەستیکرد بە پەخش و ڕوماڵی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکانی دەکرد و بینەرێکی زۆری لە دەوری خۆی کۆکردەوە.
بەهۆی ڕووماڵی بێ لایەنانەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، هەڕەشەکان لەسەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی تا دەهات بەرفراوانتر دەبوون و لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە داوا لە خاوەن و بەرپرسانی کەناڵەکە دەکرا پەخشەکە ڕابگرن و چەند جارێکیش هەڕەشەی کوشتنیان لەخاوەن و بەرپرسانی کەناڵەکە کرد.
لەشەوی ١٩ی شوباتدا، لە کاتژمێر شەش و دە خولەک،  ١٠ ئوتومبێلی پڕ لە چەکدار بەرامبەر گوندی ئەڵمانی بۆماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک جێگیرکران، بەرپرسانی ئێن ئاڕ تیش، زانیارییان پێگەیشتبوو کە ئەو چەکدارانە دەیانەوێت بەزەبری هێز هێرش بکەنە سەر کەناڵەکە.
هەڕەشەکانی سەر ئێن ئاڕ تی تەنها لە قسەدا نەمانەوە، بەڵکو لە کاتژمێری دووی شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی شوباتدا، پڕاکتیزە کران و لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە، کە لەبەشی پشتەوە چوبوونەوە نێو گوندی ئەڵمانییەوە هێرشکرایە سەر کەناڵەکە و کەلوپەل و ئامێرەکانیان گولـلەبارانکرد و دواتر بینای کەناڵەکەشیان سوتاند و لەدوای خۆیان خۆڵەمێشی ئامێرە رۆژنامەوانییەکانیان بۆ کارمەندانی کەناڵەکە بەجێهێشت.
لەبەرەبەیانی ٢٠ ی شوباتدا، ژمارەیەک لەو چەکدارانەی هێرشیان کردبووە سەر کەناڵەکە بە برینداری گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر و لەوێ لە لایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە ئاشکراکران.
دوای سوتاندنی کەناڵەکە حکومەت لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنا، بەڵام لیژنەکە ئەنجامی ڕاپۆرتەکەی بەنهێنی هێشتەوە و ئەنجامەکەی ئاشکرا نەکرد  و سەرەڕای بوونی بڕیاری پەرلەمانیش بۆ قەرەبوکردنەوەی ئێن ئاڕ تی، بەڵام تا ئێستا کەناڵەکە قەرەبوو نەکراوەتەوە.
لە دوای ڕووداوەکان دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ حەوت کەس دەرکرد، بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێکردن، تائێستا  ئەو کەسانەی دەستگرنەکردووە، سەرباری ئەوەی ناو و ناونیشانیان زانراوە و کۆپی تەسکەرە و ڕەگەزنامەکانیان لای دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هێزەئەمنییەکان هەیە، بەڵام دەستگیریان ناکەن.
لە دوای سوتاندنی کەناڵەکە و دوای دوو مانگ کارکردن ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ٢٠١١ ، ئێن ئاڕ تی دەستیکردەوە بە پەخش.
جگە لە سوتاندنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ساڵێ ٢٠١١ دا لە شەش ساڵی ڕابردوودا چەندین جار و بەچەندین شێوەی جیاواز هێرشکراوەتە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی و تیمە ڕۆژنامەوانییەکانى و خاوەنى کەناڵەکەکە، دیاترین پێشێلکارییەکانیش بریتی بوون لە تەقەکردن لە خاوەنى کەناڵەکە شاسوار عەبدولواحید و داخستنی ئۆفیسەکان لە هەولێر و دهۆک و هێرشکردن بە بۆمب بۆ سەر بیناى سەرەکیی ئێن ئاڕ تی.
سەرباری سەرجەم ئەم پێشێلکارییانەی بەرامبەر ئێن ئاڕ تی ئەنجامدراوە هەر لە ڕۆژی دەستپێکردنی پەخشەوە تا ئێستا، بەڵام ئێستا دامەزراوەی میدیایی نالیا و کەناڵەکانی  ئێن ئاڕ تی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیان تێپەڕاندووە و لە میدیایەکی لۆکاڵییەوە بووەتە میدیایەکی جیهانی بە تایبەت دوای کردنەوە کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی.
لە ئێستادا حەوت ساڵ بەسەر سوتاندنی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا تێپەڕدەبێت و سەرباری ئەوەی دادگا فەرمانى دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارانی سوتاندنى کەناڵەکە دەرکردووە و لەگەڵ ئەوەی ناو و ناونیشانیان زانراوە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراون.


چیرۆکی سەرکەوتنی شاسوار 
ویستی شاسوار لە پەرەپێدانی تواناکانی وایکرد کە لە دوکانی باوکی دەرچێت. چونکە پێیوابوو لە کەبابخانەیەکدا ئارەزووی گەشەکردنی تواناکانی دانامرکێت. بۆیە شاسوار لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دوکانی باوکی جێهێشتووە و بۆخۆی دوکانی یاری ئەلیکترۆنیی داناوە. لەو کاتەدا لەپاڵ خوێندنەکەیدا کاریشی دەکرد. لە ساڵی ١٩٩٥ تا ساڵی ١٩٩٩ وازی لە خوێندن هێنا. چونکە لەو کاتەدا شاسوار لەپاڵ کارەکەیدا هاتوچۆی بەغداشی دەکرد. ئەوەش لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا و لە کاتێکدا کە عێراق لەژێر گەمارۆی ئابوریدا دەیناڵاند. بەڵام ویستی شاسوار بۆ کارکردن هێندە بەهێزبوو کە هەموو بەربەستەکانی بەردەمی لە تێپەڕین بە دوو حکومەتدا حکومەتی هەرێم و بەغدای سەدامی و بازگە مەترسیدارەکانی رژێمی بەعس نەیانتوانی رێگربن لەبەردەم ویست و ئارەزووی بازرگانیکردنی. هەڵبژاردنی شاسوار بۆ دوکانی پلەی ستێشن هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئارەزوویەکی یاریکردنی خۆی کردە پیشە. وەک خۆی دەڵێت هەم یاری دەکرد و هەم کاسبیشی دەکرد و پارەی وەک بزنسێک دەستدەکەوت. لە خوێندنگەشدا مامۆستاکانی شاسوار پێی سەرسامبوون کە چۆن کاری دەرەوە دەکات و خوێندنەکەشی دەکات. ئەو لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بۆ یەکەمجا وێرای ئامێری (سی گا) بباتە بەغدا و لەوێ ساغی بکاتەوە و لەو سەریشەوە تەلەفزیۆنی دەهێنا و لە سلێمانیدا دەیفرۆشتن. رۆژانە ٧ تا نۆ تەلەفزیۆنی دەفرۆشت و ٥٠٠ دیناری سویسری قازانج دەکرد. هەموو مانگێکیش ٣ هەزار بۆ ٣هەزارو ٥٠٠ دیناری سویسری قازانج دەکرد. 
دوای چوارساڵ دابڕان لە ساڵی ١٩٩٩دا دەگەڕێتەوە بۆ خوێندن لە ئامادەیی هەڵکەوتی کوڕاندا دەست بەخوێندن دەکاتەوە و لە یەکەم ساڵیدا بەهۆی نمرە بەرزەکانییەوە لە هەموو تاقیکردنەوەکان دەبەخشرێت. شاسوار بۆ گەیشتن بە ئاستی بەرزی خوێندن لە رێی هاتوچی بەغدادا بۆ کاسبی کتێبەکانی لەگەڵ خۆیدا دەبرد و لە ناو ئۆتومبێلدا دەیخوێند. لە پۆلی شەشی ئامادەییشدا توانی نمرەیەکی بەرز بەدەست بهێنێت وهەر لە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەکاندا نمرەی ٩٢% بەدەستهێنا و لەساڵی ٢٠٠٠دا لە کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی سلێمانی وەربگیرێت. 
شاسوار لەبڕی ئەوەی دەست بە خوێندنی زانکۆ بکات لە ساڵی ٢٠٠٠ دا بڕیاردەدات کە بچێتە ئەڵمانیا. شاسوار لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا کوردستانی بەجێهێشت و بەدوای ئەزمونێکی تازە چووەوە دەرەوەی وڵات. کاتی رۆیشتنی شاسوار کاتێکی گونجاو نەبوو بۆ پەنابەران. بۆیە بڕیاردەدات ئەگەر لە دوو مانگدا پەنابەرێتی وەرنەگرێت دەگەڕێتەوە کوردستان. کەچی ئەو بە وەرگرتنی پەنابەرێتی لە ماوەیەکی کورتدا بڕیاری گەڕانەوە دەدات. شاسوار بە ٤٢ رۆژ مافی پەنابەرێتی وەرگرت و بەهەمووی شەش مانگ لە ئەڵمانیا مایەوە و پاشان گەڕایەوە کوردستان. لەوەشدا دۆست و ناسیاوی لە ئەڵمانیا سەرسامکردووە. چونکە ئەوان دەیانوت کە خەڵک بڕێکی زۆر پارە ئەدات بۆ ئەوەی بگاتە ئەڵمانیا کەچی شاسوار بۆ خوێندن دەگەڕێتەوە کوردستان. شاسوار لە هەڵسەنگاندنی بارو گوزەرانی خۆیدا بۆی دەردەکەوێت کە کوردستان بۆ ئەو باشترە چونکە ئەو لە کوردستان ئەندازیارە و دەتوانێت بزنسی باش بکات کە ئەوە لە ئەڵمانیا بە بۆچوونی ئەو ئەستەم بووە. جگە لەمانە سۆزی بۆ کەسوکار زیاتر هاندەری گەڕانەوەی بووە.  لەو کاتەدا باوکی لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە پەیامێکی بۆ دەنێرێت. لە ڤیدیۆکەدا باوکی زۆر بە میهرەبانییەوە ئامۆژگاری دەکات کە ورد بێت لە کاروباریدا. لەوێشدا باوکی بیریدەخاتەوە کە هەوڵی خۆی بدات بۆ کار وکاسبی و دۆستانی لەدەستی هاوکاری نەبڕێت.
لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا لە زانکۆی سلێمانی لە کۆلێژی ئەندازیاری بەشی بیناکاری دەستی بە خوێندن کرد. لە زانکۆشدا خوێندکارێکی زیرەک بوو و لە قۆناغی یەکەم و دووهەمدا لە ریزی پێنج و شەشە یەکەمەکاندا بوو. لەوێشدا شاسوار توانی هاوسەنگییەک لە نێوان کارکردن و خوێندندا راگرێت بەڵام هەندێ جاریش کارکردن دەبووە هۆی کەمی ئامادەبوونی لە وانەکانی زانکۆدا. شاسوار بیرۆکەی رێکخستنی خوێندکارانیشی هەبوو کە سەربەخۆیانە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن. هەروەها یەکەم کاری لە بواری میدیادا دەرکردنی رۆژنامەیەکی خوێنکاری ئەهلی بوو بە ناوی (خوێندنی لیبراڵ) کە خوێندکاران داوایان لێکردبوو کە ئەو ببێتە خاوەنی ئیمتیازی رۆژنامەکە. یەکەم ژمارەی رۆژنامەکە لە ساڵی ٢٠٠٢ دا دەرچوو. شاسواریش لە دووهەم ژمارەوە بووە خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەکە و لە رووی مادیشەوە پشتگیری دەکرد. سێ رۆژ پاش روخانی رژێمی سەدامیش ساڵی ٢٠٠٣ چەند پاشکۆیەکی رۆژنامەی خوێندنی لیبراڵیان بە عەرەبی چاپکرد و گەیاندیانە زانکۆکانی بەغدا. لێرەشدا شاسوار جیا بوو لە خەڵکانی تر و لەجیاتی هێنانی ئۆتومبێلی دزراو بۆ سلێمانی کە بە علوج ناسرابوو شاسوار ١٢مامۆستای زانکۆ و پرۆفیسۆری زانکۆی موستەنسریە و زانکۆی بەغدای بۆ زانکۆی سلێمانی هێنا. ئەو کاتە لەگەڵ کۆچکردوو مامۆستا کەمال خۆشناوی سەرۆکی ئەوکاتی زانکۆی سلێمانی هەماهەنگی کردبوو. 
لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا پاش تەواوکردنی زانکۆ شاسوار هەوڵی نەدا لای حکومەت دابمەزرێت. بەڵکو لای کۆمپانیایەکی ئەهلی بیناسازیدا بە ناوی کۆمپانیای بەرزی کاریکرد. لە ساڵی ٢٠٠٦ دا کاری بەڵێندەرایەتی کردوو و دواتر لە ٢٠٠٧دا هەوڵیدا بۆخۆی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون دروستبکات.  
شاسوار هەمیشە هەوڵیداوە ئەو ئاستەی دەیگاتێ بە ئاستێکی تێپەڕ چاولێبکات کە دەبێ کاربکات بۆ ئەوەی بچێتە ئاستێکی بەرزتر. یاسای وەبەرهێنان لای شاسوار یاسایەکی ئاسان بوو کە زەوی و مۆڵەتی وەربەرهێنان بۆ وەبەرهێن دابیندەکات. شاسوار لەبەر نەبوونی کەسێکی پشتیوان ویستی لەرێی سەرنجڕاکێشانی بەرپرسانەوە پشتیوانی بۆ پرۆژەکەی پەیدابکات. 
لە ساڵی ٢٠٠٧ دا ئەو کاتەی شاسواری تەمەن ٢٨ ساڵ بۆ وەبەرهێنان لە شاری سلێمانیدا هەڵیبژاردبوو کاتێکی گونجاو بوو چونکە بەرپرسانی شارەکە خۆیان بەدوای کەسانێک دەگەڕان کە بتوانن سەرمایەکەیان لە پرۆژەی نیشتەجێبوون و شوێنی گەشتیاری بخەنەگەڕ. شاسوار لەگەڵ کارمەند و بەرپرسانی شارەوانی ئەو کاتەی سلێمانیدا لەگەڵ ئەندازیارەکانیدا پرۆژەی گوندی ئەڵمانی تاوتوێ دەکرد. 
ئەم قۆناغەی ژیانی شاسوار خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ جۆری کار و پرۆژەکانی. شاسوار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی گوندی ئەڵمانی پێوستی بە بڕەپارەیەکی زۆر بوو. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ چەندین دەوڵەمندا گفتوگۆیکردووە بۆ ئەوەی وەک هاوبەشێک بە سەرمایەکەی بەشداری پرۆژەکە بکات. بەڵام کەس بیرۆکەی پرۆژەکەی وەرنەدەگرت. بەڵام دواجار شاسوار توانی کەسێک پەیدا بکات کە وەک هاوبەشێک بەشداری پرۆژەکە بێت و کۆمپانیای نالیا دامەزرێنن کە لە خۆشەویستی نالی شاعیر ئەم ناوەیان لێناوە. 
شاسوار لە ٢٠ ى ئەیلولی ٢٠٠٧ دا مۆڵەتی وەبەرهێنانی وەرگرت و پاش دوو مانگ لە تشرینی دووهەمدا دەستی بە ریکلامکردن بۆ پرۆژەکە کرد. لەو دوو مانگەدا و بەو پارە کەمە توانرا پەیکەری چەندین خانو دروستبکرێت و خەڵک دەهاتن بۆ تەماشای. بۆ کڕینی خانووەکان بڕێک پارەی پێشەکییان دەدا. هەر بەو پارانە توانرا پرۆژەی گوندی ئەڵمانی یەک تەواو بکرێت. ئەم سەرکەوتنە جێی سەرسوڕمانی کاربەدەستانی شارەکە بوو چونکە پێیان وابوو کە پرۆژەکە لە تەمەن و ئەزمونی ئەندازیاری شاسوار گەورەترە و بۆی جێبەجێ ناکرێت. تەنانەت بەرپرسە باڵاکانی دەستەی وەبەرهێنان باوەڕیان بەوە نەبوو کە شاسوار عبدولواحید دەتوانێت ئەم پرۆژە زەبەلاحە جێبەجێبکات و هەر لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە و ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە چونکە لەو تەمەنە گەنجە و کەم ئەزمونییەدا خەونی گەورەی هەبوو. ئاستەنگی تر لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەکە جۆری زەوییەکە بوو کە پێشتر چەندین وەبەرهێن ئامادە نەبوون ئەو زەوییە بۆ پرۆژەکانیان وەرگرن. دواجار شارەوانی کە جدیەتی شاسواری بینی بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران ٢٢٠ پارچە زەوی لە چەندین وەبەرهێن وەرگرت کە پێشتر بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون وەریانگرتبوو بەڵام هیچیان تێدا نەکردبوو. پرۆژەی گوندی ئەڵمانی بە یەکەمین پرۆژەی نیشتەجێبوون لەم قەبارەیە لە شاری سلێمانیدا دادەنرێت. بۆیە شاسوار کە دەستی بەم پرۆژەیە کرد رکابەری نەبوو. ئەم پرۆژەیە وەبەرهێنەرەکانی تریشی هاندا کە کار بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون بکەن. شاسوار و ستافەکەی بۆ ئەو پرۆژەیە شەو و رۆژ لەسەرکار بوون. ئێستا شاسوار وەک نمونەی توانایی و جدیەت و ئازایەتی لەکاردا لە لایەن بەرپرسانی ئەوکاتە ناودەهێنرێت. ستافەکەشی یەکەم ستاف بوو کە بەم خێراییە و بە بێ وەستان کاربکات. لەم پرۆژەیەوە بیناسازی شاری سلێمانی لە بیناسازی ئاسۆییەوە بۆ بیناسازیی ستونی گۆڕدرا و هەموو پێداویستییەکانی ئاو و کارەبای بۆ دابینکردبوو کە ئەو کاتە بۆ شاری سلێمانی شتێکی نوێ بوو.  هۆکارەکانی سەرکەوتنی شاسوا عەبدول واحید: (هونەری کارگێڕی و ئیدارە و پلان، بەردەوام بیرکردنەوە بەجیاواز لەوانیتر، دەبێ شت دووبارە نەکرێتەوە بەڵکو شتێک بکرێت کە خەڵک نەیکردووە وبۆیان قورسە جێبەجێی بکەن، دەبێ شتێک بکرێت کە خەڵک چاوەڕێی ناکات و سەرکێشی تێدابێت و ئەقڵ بۆی نەچێت، هەرکەس لە بوارەکەی خۆیدا جیاواز بێت و سەرکەوتن بەدەستبێنێت).
شاسوار بۆ بیرۆکەی سادە و ئاسایی لە هەر بوارێکدا وەبەرهێنان بێت یان لەبواری میدیایدا بێت پێی باشە نەکرێت چونکە ئەو بۆ پرۆژەی ناوازە و جیاواز و گەورە ئامادەیە نەک پرۆژەیەک کە هەموو کەس دەتوانێت بیکات. ئەوانەی لە نزیکەوە شاسوار دەناسن دەڵێن کە ئەو کەسێکی کەلە رەقە بەمانا پۆزەتیفەکەی. واتە کە شتێکی لە مێشکدا بوو هەر دەبێ جێبەجێی بکات. کە لە شتێکیشدا شارەزایی نەبوو دەچێ فێری دەبێ بە جۆرێک کە لەوانی تریش باشتر بێت. کە شتێک چووە مێشکی دەبێ جێبەجێی بکات و لەسەری سووردەبێ. شاسوار یەکەم کەسە کە سەرمایە بۆ دامەزراندنی کەناڵێکی میدیایی تەرخان بکات بێ ئەوەی بزانێت قازانجی چۆن دەبێـت. کە ئەمە گیانی سەرکێشی شاسوار دەردەخات. سەرەڕای ئەمەش دژیاتی و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت. 
لەڕۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ و یەکەم ڕۆژی پەخشی کەناڵی ئێن ئاڕ تی هەڕەشەی کوشتن لە شاسوار عەبدولواحید کرا و لە ٢٠١٣ دا ئەم هەڕەشەیە بە هەوڵی کوشتنی شاسوار و بریندارکردنی کۆتاییهات. سەرکێشییەکەی شاسوار بەدڵی کەسانێک نەبوو و تەنانەت دامەزراندنی کەناڵێکی میدیاییان بە پیلانێک دادەنا. هەندێ لە دۆستانیشی ئەم سیفەتەی شاسوار بە بوێری لەقەڵەم دەدەن. بە کەسێکی جیدیش ناوی دەبەن. تەنانەت دەڵێن کە ئەو باوەڕی بە کۆسپ نییە بەڵکو دەبێ هەموو وزەیەک بەکاربهێنرێت بۆ دەربازبوون یا تێپەڕبوون بەسەر ئەو کۆسپانە. پێش سووتاندنی ستودیۆی کەناڵی NRT بە سێ رۆژ چەندین کەس تەلەفونی بۆ شتسوار کردبوو بۆ ئەوەی کەناڵەکە لانی کەم بۆ دوو هەفتە دابخرێت. بەڵام شاسوار ئەمکارەی نەکرد. ئەو پێی وایە کە مرۆڤ دەبێ خۆڕاگر بێت چونکە ئەگەر ئەم داوایە قبوڵ بکرایە دەبوایە لە رۆژانى داهاتوودا داوای تریش قبوڵ بکرێت. نەچوونە ژێر باری ئەو داوایە پێگەیەکی تر و پتەوی دایە کەناڵەکە کە وایکرد ئەم کەناڵەی ئەمڕۆی لێدەرچێت. بە بۆچوونی شاسوار ئەو رووداوە شەڕی شکاندنی ئیرادە بوو. 
شاسوار لە نێوان ٢٠٠٧ و ٢٠١١ دا حەوت پرۆژەی وەرگرتووە کە بریتین لە ١- گوندی ئەڵمانی یەک و ٢- گوندی ئەڵمانی دوو و٣- چاڤیلاند و٤- کورد سیتی یەک و٥- کورد سیتی دوو و٦- نالی سیتی و ٧- گوندی ئەڵمانی سێ . بە هۆی ئەم پرۆژانەوە توانی داهاتێکی باشی هەبێت و سەرمایەکەی بگاتە یەک ملیار دۆلار و ٤١٥٥ یەکەی نیشتەجیێبوون دروستبکات. 
لە ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١١  کە بیرۆکەی دامەزراندنی کەناڵی NRT دا لە شاسواردا تێدا سەریهەڵدا ئاراستەی کارەکانی شاسواری تەمەن ٣١ ساڵەش لە کاری بازرگانییەوە بۆ کاری میدیایی گۆڕدرا. شاسوار وای دەبینێت کە لە رێگەی دامەزراندنی چەند کەناڵێکی میدیاییەوە دەکرێ کار بکرێتە سەر هاوڵاتیانی کوردستان و رۆشنبیری یەکتر قەبوڵکردن لە نێوانیاندا بڵاوبێتەوە و جیاوازییەکان بە هەموو رەنگەکانیانەوە قەبوڵ بکرێن. دۆستە نزیکەکانی شاسوار پێیان وابوو کە شاسوار میدیاش لە خزمەتی بازرگانییەکەی بەکاردەهێنێت. بەڵام دەرکەوت کە بە پێچەوانەوە بازرگانییەکەی خستە خزمەتی گەشەپێدانی کاری میدیایی. ئێستاش چاوی لەسەر سەرمایەگوزاری میدیاییە. ویستی شاسوار ناساندنی هاوڵاتیانی هەرێمە بە مافەکانی خۆیان لە رێی میدیا و کاری میدیاییەوە. بەم پێیەNRT   رۆڵی هۆشیارکەرەوە لە بواری مافی مرۆڤ و ئازادی دەربڕیندا بینیوە. نەمانی ئەم کەناڵە وەک ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئەم هۆشیارییە کەلێنێکی گەورە دەخاتە کاری راگەیاندنی کوردی و زیانێنێکی بێ ئەندازە بە میدیای ئازادی کوردی دەگەیەنێت. 
لە ئێستادا دامەزراوەی میدیایی نالیا کە شاسوار عەبدولواحید خاوەندارێتی دەکات لە سێ کەناڵی ئاسمانى و سێ رادیۆ و سەنتەرێکی ڕاهێنان و پێنج وێبسایت و کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی هونەری پێکهاتووە.
ئەوانەی لە نزیکەوە شاسوار دەناسن وای دەبینن کە وەک  چۆن لە دە ساڵی رابردوودا هەنگاوێکی گەورەی هاویشتووە و بازێکی گەورەی لە ژیانیدا داوە ئاواش لە دە ساڵی ئایندەدا بازێکی  تری گەورەتر ئەدات. چونکە ئەمە لە سروشتی شاسواردایە کە بەو بارە رازی نەبێت کە تێیدایە و هەمیشەهەوڵی تێپەڕاندنی ئەو ئاستەی ژیان و کاری بۆ ئاستێکی بەرزتر بدات. 

چالاکی