ENKUAR

بەشدار بە لە نەوەی نوێ

ببە بە چاودێری سەر سندوق

لەسەر موچەی فەرمانبەران شاسوار عەبدولواحید و سودانی کۆبونەوە

13 Dec 2023 2:08 PM

شاسوار عەبدولواحید لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبووە و دۆخی هەرێم و ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمیان تاوتوێکرد.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بە شاسوار عەبدولواحیدی راگەیاند، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا بە بەرپرسانی هەرێمی وتووە، "ئامادەن پارەی سێ مووچەکەش رەوانەی هەرێم بکەن بەڵام بەغدا چۆن مامەڵەتان لەگەڵ بکات لە رووی یاساییەوە کاتێک داواکاریەکانمان جێبەجێ ناکەن و نایەن بە دەم داواکانی بەغداوە".

هەر لەکۆبوونەوەکەدا، سودانی بۆ شاسوار عەبدولواحیدی ئاشكرا کرد، چارەسەری گرفتی مووچەی هەرێم هەمواری یاسای بودجە و گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانە بۆ خەرجی حاکیمە، ئەوکات مانگانە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەکانیان پێدەدرێت.

وتیشی، "دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەست بە رێکارەکانی هەمواری بودجە دەکەن بۆ چارەسەری کێشەکە".

هاوکات، شاسوار عەبدولواحیدیش باسی لە گرنگی چارەسەری کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق.

پێشتریش شاسوار عەبدولواحید چەند جارێک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و دۆخی سیاسی عێراق و کێشەکانی هەرێم وبەغدایان تاوتوێ کردووە.