نەوەی نوێ پشتگیریی تەواوی داواکاریی خوێندکاران دەکات

نەوەی نوێ پشتگیریی تەواوی داواکاریی خوێندکاران دەکات
ئەم دەسەڵاتە سی ساڵە بەمەبەست دژایەتیی خوێندکاران و قوتابیان دەکات و نایەوێ نە ئێستایان هەبێت نە داهاتوو. ئەم بەناو حکومەتە ماوە بەسەرچووە شکستخواردووە گەیشتۆتە ئاستێک لە بێ شەرمیی کە نە لەکاتی خوێندکاریدا دەرماڵەیەک دەداتە خوێندکارانی زانکۆ، نە لەکاتی تەواوکردنی خوێندنیشیاندا هەلیکاریان بۆ دەستەبەر دەکات.
لەکاتێکدا دەرماڵەی هەموو خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان نزیک بە شەش ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، کە داهاتی یەک رۆژی خراپتریین و کەم داهاتتریین خاڵی سنووریی و یەک سەعاتی ئەو نەوتەیە کە بەتاڵانی دەبەن بۆ خۆیان. ئەمە جگە لەوەی بەڵێنەکەی ساڵی پاری نەبردە سەر و تەنها پێنج مانگ دەرماڵەییەکی کەمیان بۆ خوێندکاران سەرفکرد.
هەر دەسەڵاتێک رێز لە زانکۆ و مامۆستایانی زانکۆو خوێندکارانی زانکۆ نەگرێت و وەڵامی داخوازیەکانیان نەداتەوە، دەیسەلمێنێت کە بەرپرسەکانی نەخوێندەوار و شکستخواردوون و بە سوتفە ئەو بەرپرسیارێتییەیان وەرگرتوە نەک بە هەقی خۆیان.
ئەم بەناو حکومەتە ماوە بەسەرچووە فاشیلە لە کۆی سێکتەرەکانی ژیانی هاوڵاتیان شکستی هێناوە، مووچە نادات، پلەی فەرمانبەران بەرز ناکاتەوە، هەلیکار بۆ گەنجان نادۆزێتەوە و دەرماڵەی خوێندکاران نادات و نرخی سووتەمەنیی هەرزان ناکات و باج و سەرانە لە هاوڵاتیان دەستێنێت، ئەمەش سیفەتی ئەو دەسەڵاتانەیە کە تەمەنیان لەکورتیی داوەو خۆیان بۆ ڕاکردن ئامادە دەکەن.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٢٠٢٢/١١/١٤