نەوەی نوێ: سەد لە سەدی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاستن

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاست دەکەنەوە و سەرجەم زانیارییەکانی راستن، دەشڵێت، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە درێژایی حکومرانی نەیتوانیوە و نەیویستووە خزمەت بە خەڵک بکات.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، باردودۆخی ئێستای کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوە لە پاشەکشەدایە و حکومەتی ھەرێمی ماوە بەسەرچووش بە درێژایی حوکـمڕانی خۆی نەیتوانیوە و نەیویستووە خزمەت بە ھاوڵاتیان بکات و گەیشتۆتە ئاستێک ھەمو کارێکی نابەجێ و نایاسایی و نادیموکراسیی پەیڕەو دەکات لە پێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "وێڕای پشتیوانی تەواومان بۆ ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پاشەکشەی دیموکراسی و ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەمانەوێت ئەوەش پشتڕاست بکەینەوە کە سەد لە سەدی زانیارییەکان راستن و هێشتا هەندێک بابەتی تری تایبەت بە ئازادی و سیستمی دادوەریی و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان باس نەکراون."
نەوەی نوێ دەشڵێت، ئەم فشارانەی كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و لە پاڵیدا فشارى ناوخۆیی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم بە باشە كاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى به‌دیموكراسی بوونی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات و ئەو فشار و غەمخۆرییەی کۆمەڵگەی نيودەوڵەتی شایەنی پێزانینی زۆرە و بەهیوای چڕکردنەوەی زیاتری فشارەکان بۆ رزگارکردنی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لە دیکتاتۆریەتێکی حەتمی داهاتوو و ئەگەر ئەم فشارانە چڕ نەکرێتەوە ئەوە مسۆگەر هه‌رێمی كوردستان له دیكتاتۆرییه‌تێکی حەتمی نزیك ده‌بێته‌وه.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمی كوردستان له هه‌ردوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا پارتى و یه‌كێتى بەتەواویی ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونى پڕۆسه‌ى دیموكراسی و ئازادیی له هه‌رێمی كوردستان.
راشیگەیاند، هۆكارى سه‌ره‌كی شەلەلبوونی بنه‌ما دیموكراسیه‌كان له‌لایه‌ن پارتى و یه‌كێتیه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى پێیانوایه له کاتی به‌هێزبوونی پڕۆسه‌ى دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوریه‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و بەردەوام ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ى دیموكراسی لە هەرێم.
نەوەی نوێ لە راگەیاندراوەکەیدا کۆمەڵێک خاڵی لەبارەی سەلماندنی نادیموکراسیبوونی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمەوە بڵاوکردووەتەوە کە بریتین لە:
١-دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان بەبێ هیچ بیانوویەکی یاسای و شەرعی.
٢-ده‌ستێوه‌ردان له كاروبارى دادگاكان و لاوازكردنى ده‌سه‌ڵاتی دادوەری و کۆنتڕۆڵکردنی تاوەکو ئاستی بێبەهاکردن.
٣-سنورداركردنى مافه مه‌ده‌نی و ئازادییه سیاسیه‌كان و سەرکوتکردنی دەنگ و رەنگی ئۆپۆزسیۆن.
٤-دەستگیرکردنی ڕۆژنامه‌نوسان و چالاکوانان
٥-سەرکوتکردنی شێوازه‌كانى به‌شداریی سیاسیی بەنموونەی خۆپیشاندان وگردبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان.
٦-بره‌ودان به كلتوره نادیموكراسیه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بۆنموونە به‌حزبیكردنى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.