ENKUAR

بەشدار بە لە نەوەی نوێ

ببە بە چاودێری سەر سندوق

بەیاننامەی نەوەی نوێ

14 Aug 2023 2:59 PM

هاونیشتیمانیانی ئازیز، هاوڵاتیانی خۆشەویست، گەنجان و لاوان، ژنان و کچانی وڵات، کوڕان و پیاوانی بە هیمەتی کۆمەلگەی کوردستانی ، تێکرای چین و توێژەکانی کوردەواری .


لەم ساتەوەختە ناهەموارەدا کە هەرێمەکەمان بە دەست حوکمڕانی شکستخواردوی جوت حیزبی دەسەڵاتدارەوە دەرگیر بووە، دەرفەتێکی گرنگی مێژوویی هاتۆتە بەردەم هەمومان کە هەڵبژاردنە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەینە دەرفەتی تۆڵەی هەموو ئەو بێباکی و گەندەڵی و خراپی و بەدکارییەی دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامی دەدەن. کە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە لە مێژوی ٣٢ ساڵی رابردوو بە فشار بەم دوو حیزبە ئەنجام دەدرێت پاش چەندین جار دواخستن.وە یەکەم هەڵبژاردنە کە هەموو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی چاویان لەسەریەتی و هەروەها کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.


ئێمە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کە خۆمان بە بەدیلی ئەم دەسەڵاتە تەقلیدی و شکستخواردوەی هەرێم دەزانین و دەمانەوێت ئەم وڵاتە چاک بکەین، داواتان لێدەکەین کە بەوپەڕی پەرۆشی و خۆشحاڵییەوە برۆن کارتی دەنگدان نوێ بکەنەوە و وەریبگرنەوە و خۆتان ئامادە بکەن بۆ دەنگدان، بە تایبەت ئەو گەنجانەی ئەم هەڵبژاردنە یەکەم جاریانە دەنگ دەدەن.


هەمومان ئەو ڕاستیە باش دەزانین کە ئەم فرسەتە دوایین فرسەتە لە بەردەم خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون لەم دۆخە خراپ و گوزارەنە خراپەی کە هاوڵاتییانی تێدایە، وە دەتوانین سندوقەکانی دەنگدان بکەینە دەرفەتی سزادانێکی گەورەی ئەو دەسەڵاتەی کە مانەوەیان مەترسییە لەسەر ئێستا و ئایندەی هەرێم.


وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لە ساڵانی رابردودا بە کردار سەلماندومانە متمانەی ئێوە وون ناکەین و ئەوەی لە دەستمان هاتبێت لە خزمەت کردومانە، بۆیە بەسەربەرزی و بە متمانەیەکی زۆرەوە جارێکی تر داواتان لێدەکەین کە بڕۆن کارتەکانتان وەربگرنەوە، چونکە خۆتان ئاگادارن کە دەسەڵاتە و میدیا و سێبەرەکانیان خەڵکە بەشخوراو و نارازییەکە سارد دەکەنەوە لە بەشداری دەنگدان و خۆشیان بە جۆرەها شیواز داوا لە گروپەکانی خۆیان دەکەن کە کارتەکانیان وەربگرنەوە تاوەکو هەوڵ بدەن زیاتر بمێننەوە لە دەسەڵات و زیاتر خەڵک سزا بدەن.


لە ساڵانی رابردودا بەشێک لە خەڵکی ئەزیزی کوردستان، بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدانیان تاقیکردەوە، بەڵام بەداخەوە بەرهەمی ئەو بایکۆتە بریتی بوو لە بەهێزکردنی زیاتری دەسەڵات و باجی زیاتر و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و فشاری زیاتر بۆسەر کاسبکار و فەرمانبەر و گەنج و تەواوی توێژەکان.


ئێمە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەو هێزەین کە بە پشتیوانی خوا و دەنگی ئێوە ئێستا و ئایندەی ئەم وڵاتە دەگۆڕین، بۆیە داواتان لێدەکەین کە خۆتان و کەس و کارتان، گەنجان و نەوەی نوێ، هەموو چین و توێژەکان بە حەماسێکی زۆر و هیوایەکی گەورەوە بڕۆن کارتەکانی دەنگدان وەربگرنەوە و ئامادەبن بۆ دەنگدانی داهاتوی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان. 


جوڵانەوەی نەوەی نوێ

١٣ ی ئۆگەستی ٢٠٢٣